ئەندازیار فەرەیدون عادل زەنگەنە، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك داندەنێت بە كەمتەرخەمیدا لە دۆسیەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی شارەكە و ئاشكرایدەكات، دەرگا نەماوە بۆ چارەسەر نەیكوتن، بەڵام سودی نەبووە.
هەر لەم چاوپێكەوتنەدا باس لە پرۆژەكانی شارەوانی بۆ گەڕەكانی كەركوك، لە نێویاندا گەڕەكە زیادەڕۆكان و پلانی سەوزكردنی شار دەكات.
كەڵەكەبونی خۆڵ و خاشاك
فەرەیدون عادل دەڵێت لە كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكدا كەركوك كراوەتەوە بە دوو قۆناغ؛ بەشە بچوكەكەی بەری خۆرئاوای خاسە و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی تا رەحیماوا و دەگاتە باڵەخانەی نوێی پارێزگا، لەلایەن خودی ئیدارەی پارێزگا دراوە بە كۆمپانیایەك بۆ پاككردنەوە.
ئەو كۆمپانیایە بە هاوكاری لیژنەیەكی حكومی كارەكانیان دەكەن كە شارەوانی تیایدا ئەندامە و "سەرباری ئەوەش هێشتا كێشەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك هەیە.. خەڵك گلەیی دەكەن".
"بەشە گەورەكەی تر كە شۆرجە، پەنجاعەلی، ئیسكان، ئیمام و قاسم و چەندین گەڕەكی دیكەی تیایە (لە بەری خۆرهەڵاتی شار)، تەنیا بڕی 200 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەگەڵ ژمارەیەكی دیاریكراو كارمەند و ئامێری شارەوانی بۆ پاككردنەوە".
بەڕێوەبەری شارەوانی دانی بەوەدانا كەمتەرخەمی هەیە بەڵام "شارێكی بەرفراوانە و ژمارەی هاوڵاتیانیش زیاتر بون، كەچی پێشتر یەك ملییار و 200 ملیۆن دینار بۆ پاككردنەوە تەرخاندەكرا و ئێستا تەنیا 200 ملیۆن دینار تەرخاندەكرێت، بۆیە "حەتمەن گلەیی دەبێت و خۆشم گلەییم زۆرە، بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەش لەگەڵ بەغدا، دەرگا نەما نەیكوتین، هەمووی بێ سود بوو، سێ ساڵە هاواری نەبونی بودجە دەكەین و بەغدا هاوكاریمان ناكات".
ئەو نمونەی شاری حللە دەهێنێتەوە كە نیو هێندەی كەركوكیش نییە، بەڵام 120 ئۆتۆمبێلی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی هەیە، لەكاتێكدا كەركوك تەنیا 30 ئۆتۆمبێلی هاوشێوەی هەیە كە 25ـیان كاردەكەن.
لە كۆی هەزار و 200 تۆن زبڵی رۆژانە شارەوانی توانای كۆكردنەوەی كەمتر لە 400 تۆنی هەیە بۆیە لە چەندین شوێن خۆڵ و خاشاك كەڵەكە دەبن.
سەوزكردنی شار
بەڕێوەبەری شارەوانی دەڵێت سێیەكی بودجەی تەرخانكراوی شارەوانی بۆ سەوزكردنی شار خەرجدەكەن.
"ئەو سەوزكردنە لە شۆستەی نێوانی شەقام و دەرەوەی شار و پشتێنەی سەوزكردنی شاردایە، ئەمەش هەنگاوێكی نوێیە هێشتا و كاتی دەوێت تا دارەكان نەشونما دەكەن و گەورەدەبن".
فەرەیدون عادل وتی "لە 32 ملیار دیناری تەرخانكراو بۆ شارەوانی لە 2021ـدا، نزیكەی 10 ملیار دینارمان بۆ سەوزكردنی شار بووە و بۆ ئەمساڵیش لە كۆی داواكاری ئێمە بۆ شارەوانی كە 120 ملیار دینارە، ئەگەر پەنجا ملیار دیناریشمان بۆ بێتەوە، ئەوا بڕی 15 ملیار دیناری بۆ سەوزكردنی شار و خزمەتی باخچەكان تەرخاندەكەین".
بەپێی ئامارێكیی فەرمانگەكانی كەركوك، رێژەی سەوزایی لە شارەكە سەدا 2 تێناپەڕێنێت، هەرچەندە لە ساڵی 2017 رێژەكە نزیك ببوەوە لەسەدا 4، ئەوەش لەكاتێكدایە ستانداردی جیهانی بۆ روبەری سەوزایی لە سەروی سەدا 15ــــەوەیە.
ڤیدیۆ: فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك باسی پلان و گرفتەكانیان بۆ (كەركوك ناو) دەكات
"لە هەموو دنیادا ئەگەر كارگە و كۆمپانیایەك زیان بە ژینگە بگەیەنن دەبێت بەشێك لە داهاتیان بۆ سەوزكردن و پاكڕاگرتنی سنورەكە تەرخانبكەن، بەڵام لە كەركوك كۆمپانیای نەوتی باكور بەداخەوە هاوكار نییە و یەك دینار بۆ ئەو مەبەستە خەرجناكات لەكاتێكدا زیانی زۆری بە ژینگەی شار گەیاندووە".
فەرەیدون عادل دەڵێت پێشتر ئەركی پاككردنەوەی چەند ناوچەیەك لە ئەستۆی ئەواندا بووە، بەڵام ئێستا نەك ئەو هاوكارییە ناكەن، "بەڵكو پلانی دروستكردنی باخچەمان هەبووە و پێویستی بە رەزامەندی ئەوان بووە (زەوی ئەوان بووە)، كەچی رێگەیان نەداوە و رەتیانكردۆتەوە".
"واتلێدەكەن بڵێیت خۆزگە ئەو كۆمپانیا لە كەركوك نەبوایە، لایەكی كەركوكیان داگیركردووە، هاوسنورن لەگەڵ گەڕەكەكان و زۆرجاریش گرفت بۆ پرۆژەكانی خزمەتگوزاری دروستدەكەن".
كۆمپانیای نهوت باكور، سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراقە و سەرپەرشتی تەواوی كێڵگە سەرەكییەكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە كەركوك دەكات.
پرۆژە بۆ گەڕەكە زیادەڕۆكان
بەڕێوەبەری شارەوانی دەڵێت پرۆژەی زۆریان هەیە و لە یاسای پاڵپشتی ئاسایشی خۆراك، بڕی پێنج ملیار دیناریان بۆ تەرخانكراوە و پشكی شێری ئەو پارەیە بۆ پرۆژەكانی 10 گەڕەكە.
لەو گەڕەكانە؛ پەنجاعەلی و فەیلەق زۆرترین پرۆژەیان بەردەكەوێت، بەدوای ئەواندا بەدر و سێكانیان و دەروازە، شۆراو و گورگەچاڵ و حەمزەلی و سەیادەیە، "حەوت گەڕەكیان كورد نشینن، دوو گەڕەكیان توركمان نشین و گەڕەكێكیان عەرەب نشینە".
لەنێو پرۆژەكاندا؛ دروستكردنی شەقام، قیرتاو، كۆنكرێت، ئاوەڕۆ، دانانی هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا و عەمود هەن، وەك فەرەیدون عادل دەڵێت، لە هەر شوێن و پرۆژەیەكی دیكەش پارە بمێنێتەوە، بۆ ئەو گەڕەكانە خەرجدەكرێت.
له دوای ساڵی 2003 و نهمانی رژێمی بهعس به سهرۆكایهتی سهدام حسێن، ههزاران خانوو لهسهر ئهو زهوییانه بنیاتنراون كه موڵكی دهوڵهت بون له پارێزگاكانی عیراق به كهركوكیشهوه، كە بەردەوام كێشەی پرۆژەی خزمەتگوزارییان هەبووە.
بەڕێوەبەری شارەوانی ئاماژەی بەوەشدا چەندین پرۆژەی دیكە هەن كە هەوڵدەدرێت بە زوویی تەواو بكرێن، وەك دوسایدی باروتخانە و پەنجاعەلی و رێگای كەركوك-هەولێر.
"لە ساڵی 2019"ەوە بوین بە پەند بە دەست پرۆژەی دوسایدی باروتخانە، پێشتر درابوو بە كۆمپانیایەكی حكومی و كۆمپانیایە رادەستی بەڵێندەرێكی كردبوو، ئێستا بابەتەكە یەكلاكراوەتەوە، لەوان وەردەگیرێتەوە و دەدرێتە بەڵێندەرێكی دیكە تا لە كورترین ماوەدا تەواو بكرێت".
هەروەها باسی لەوەكرد دوسایدی پەنجاعەلی، بەهۆی بۆرییەكی نەوتەوە راگیراوە و رەزامەندی كۆمپانیای نەوتی باكور وەرگیراوە تا تەواو بكرێت، جگە لە داواكارییەكانی دیكەی خەڵك بۆ روناكی شەقامەكان، پرۆژەی بڕین و قیرتاوكردنی شەقامی شۆرجەش، بەردەم نەخۆشخانەی ئازادی بەرەو ئەو گەڕەكە، لە كاركردندایە.
تابلۆكانی ناونیشان بە چوار زمان
بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك دەڵێت تابلۆكانی ناونیشان لە پارێزگاكە هەمووی بە چوار زمان دەبێت، لە نێویاندا زمانی كوردی تیادا جێگیركراوە.
فەرەیدون عادل وتی "ئەو تابلۆیانەی گرفتیان لەسەر بوو، چاكمان كردەوە و هەڵمانواسیونەتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی دیكەدایە كە بە دیزاینێكی جوانتر و مۆدێرن و بەشێوەیەكی تایبەتمەند و لە وڵاتێكی دیكە دروستكراوە".
لە سەرەتای كانونی دووەمی 2022، ژمارەیەك تابلۆی ناونیشان لە شەقامێكی كەركوك دانران، بەڵام تەنیا بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نوسرابون و زمانی كوردی و زمانە لۆكاڵییەكانی تری پارێزگاكەی لەسەر نەبوو، ئەوەش ناڕەزایی لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیا-دا دروستكرد و بەهۆیەوە هەمان رۆژ لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە لابران و لە ئابی ئەمساڵدا دەست بە دانانەوەیان بە چوار زمان كرا.