ئەو خەونەی بۆ چەند ساڵێك مامۆستا ئاشتی بردە سەر شەقام و خۆپیشاندانی كرد، خەریكە دەبێتە راستی؛ گواستنەوەی موچە و راژەكانیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ حكومەتی فیدراڵی عیراق لە هەنگاوەكانی كۆتاییدایە.
ئاشتی عەبدوڵا (31 ساڵ)، مامۆستایە لە قوتابخانەیەكی سەر بە خوێندنی كوردی لە كەركوك، هەندێك لە كاروبارەكانیان لای وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراقییە، بەڵام هێشتا موچەكانیان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمەوە بۆ خەرجدەكرێت، بۆیە لە پاشەكەوت و لێبڕین و دواكەوتنی موچەی مانگانەشدا بەشداربوو.
"پێمخۆشە میلاكمان بگوازرێتەوە سەر بەغدا، هەر بۆ ئەوەش چەندینجار چومە سەر شەقام و خۆپیشاندانم كرد، چونكە ئەگەر سەر بە حكومەتی عیراقی بین، لە كاتی خۆیدا موچە دێت و بەبێ كەموكوڕی وەریدەگرین" ئاشتی عەبدوڵا بۆ (كەركوك ناو) وای وت. كە 10 ساڵ خزمەتی لە كەركوك هەیە.
هەرێمی كوردستان لە 2014ـەوە نەیتوانی موچەی تەواوی فەرمانبەرەكانی دابینبكات، بە پاساوی قەیرانی دارایی بڕێكی پاشەكەوت كرد، سەرباری دواكەوتنی موچە، دواتر لێبڕینی پەیڕەو كرد و ئێستاش كە موچەی تەواو دەدات، لە وادەی خۆیدا دوادەكەوێت.
ئەو بارودۆخە وایكرد هەزاران مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی كوردی لە كەركوك، لە نۆ ساڵی رابردودا، دەیانجار خۆپیشاندانی ناڕەزایی بكەن و داوابكەن راژەكانیان بگوازرێتەوە بۆ سەر بەغدا.
هیچ بەربەستێك لەبەردەم جێبەجێكردنی گواستنەوەی میلاكی مامۆستایاندا نییە
لە كارنامەی حكومەتی ئێستای عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، بڕگەیەك (بڕگەی 21 - لاپەڕە 25) تەرخانكراوە بۆ بەستنەوە و گواستنەوەی هەموو قوتابخانەكانی دەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستان و راژە (میلاكات)ـیان بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردییەوە لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵ.
نەجوا حەمید كاكەیی، پەرلەمانتاری عیراق (پشكی كەركوك) و ئەندامی لیژنەی پەروەردە بە (كەركوك ناو)ـی وت "هیچ بەربەستێك لەبەردەم جێبەجێكردنی گواستنەوەی میلاكی مامۆستایاندا نییە، تەنیا لەبەر كەمی كات و سەرقاڵبونمان بۆ هەڵبژاردن كەمێك لە كاری گواستنەوەی میلاكی مامۆستایان دوركەوتوینەتەوە، بەڵام بەدڵنیایەوە لەم هەفتەیەدا بەدواداچونی زیاتر بۆ ئەو پرۆسەیە دەكەین".
هەروەها رونیكردەوە ئەوانەی راژەكانیان دەگوازرێتەوە، پێویستە موچەیان لەسەر حكومەتی هەرێم و دانیشتوی ناوچەكانی جێناكۆك بێت، رەگەزنامە و فۆڕمی خۆراك و كارتی زانیاری ناوچەكەی خۆی هەبێت.
"نزیكەی 150 مامۆستا لە هەموو ناوچەكانی جێناكۆك بە رەزامەندی خۆیان داوایانكردووە موچەكانیان هەر لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بمێنێتەوە و نەگوازرێتەوە بۆ بەغدا" بەوتەی نەجوا كاكەیی.
ئەندامەكەی لیژنەی پەروەردە دەڵێت هەندێك رێكاری دیكە ماون؛ وەكو دۆسیەی خانەنشینی، بەوپێیەی لە عیراق 60 ساڵ خانەنشین دەبن و لە هەرێمی كوردستان تەمەنی خانەنشینی 63 ساڵە، بۆیە هەر مامۆستا و فەرمانبەرێكی خوێندنی كوردی كە سەروو 60 ساڵە دەبێت یەكسەر خانەنشین ببن یان میلاكیان لەسەر هەرێم بمێنێتەوە تا دەگەنە تەمەنی خانەنشینی و هەر لەسەر هەرێم خانەنشین دەبن.
هەردوو وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە مانگەكانی رابردودا بە جیا لیژنەیان پێكهێناوە بۆ گفتوگۆی وردەكارییەكانی جێبەجێكردنی ئەو بڕگەیەی كارنامەی حكومەت، كە تایبەتە بە گواستنەوەی راژەی خوێندنی كوردی.
كەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت هەردولا لیژنەی تایبەتیان بۆ ئەو مەبەستە هەیە، هەماهەنگیی هەیە و سەردانیكردن هەبووە، بۆ گفتوگۆی وردەكارییەكانی ئەو پرۆسەیە، كە زانیاری و داتای قوتابخانەكان و میلاكات و پرۆگرامی خوێندن دەگرێتەوە، هێشتا وردەكاری زیاتر هەیە و هەركات بڕیاری نوێ بدرێن، رایدەگەیەنن.
خوێندنی كوردی له ساڵی 2003 و دوای روخانی رژێمی بهعس، له كهركوك و ناوچهكانی دیكەی جێناكۆك دهستیپێكرد، پێش ئهوه وادهیه قهدهغهبوو.
شێرزاد رەشید، بەڕێوبەری خوێندنی كوردی لە كەركوك دەڵێت هەموو رێكارێكیان لەگەڵ بەغدا تەواو كردووە، بە پێدانی هەموو زانیارییەكانیشەوە لەسەر مامۆستایان و كەرەستە و قوتابخانەكانی خوێندنی كوردی، ئەوەشی بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەموو شتێكمان تەسلیمی وەزارەتی پەروەردەی عیراق كردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین، یان راستتر چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقین".
مامۆستا شێرزاد ئاگادارنییە بەغدا هەنگاوەكانی بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت و گواستنەوەی راژەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی بەكوێ گەیشتووە، "وەك ئێمە بزانین هیچ بەربەستێك لەبەردەم جێبەجێكردنەكەیدا نییە".
لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە هەندێك دۆسیە هەن پێویستیان بە كاركردنی زیاتر هەیە "داوامانكرد هەموو پرۆگرامی خوێندن لەلایەن پەروەردەی هەرێمەوە دابنرێت، بەڵام ئەوان دەڵێن دەبێت سەر بە حكومەتی عیراق بێت، دواتر رێككەوتین بابەتە زانستییەكانی وەك كیمیا و فیزیا و بیركاری عیراق دایبنێت بەڵام بابەتە كۆمەڵایەتییەكان هەر سەر بە هەرێم بن و عیراق بۆمان چاپبكەن".
هەموو شتێكمان تەسلیمی وەزارەتی پەروەردەی عیراق كردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین
خوێندنی كوردی پرۆگرام و سیستەمی خوێندنیان سەر بە هەرێمی كوردستانە بەڵام رێكخستنی دەوام و تاقیكردنەوەكانیان لەلایەن بەغداوەیە.
بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركوك دەڵێت دۆسیەی جیاوازی تەمەنی خانەنشینیش پێویستە چارەسەر بكرێت لە نێوان هەردوو حكومەتدا.
شێرزاد رەشید ئاماژەی بەوەدا موچەی مامۆستایانی هەرێم و بەغدا، "هەمان موچەیە و بگرە زیاتریشە"، بەڵام داواكاری گواستنەوەی راژە و خۆپیشاندانەكان كاتێك بووە كە پێدانی موچە دواكەوتووە و پاشەكەوت هەبووە، ئەگەرنا لە ساڵانی 2009 و 2010ـدا هەوڵ بۆ گواستنەوەی راژەكان هەبوو بۆ بەغدا بەڵام "خەڵكێكی زۆر كەم ئەوكات ئامادەبون راژەكانیان بگوازرێتەوە".
خوێندنی كوردی لە كەركوك، حەوت هەزار و 425 مامۆستا و فەرمانبەری هەیە، لەگەڵ زیاتر لە هەزار وانەبێژ و هەوڵ هەیە وانەبێژەكانیش لەگەڵ حكومەتی عیراق دۆسیەكانیان یەكلابكرێتەوە.
"من و هەموو مامۆستایانی خوێندنگەكەم قایلین و داواكارین میلاكمان بگوازرێتەوە سەر حكومەتی بەغدا، چونكە موچە دواناكەوێت و موچەی خانەنشینیشیان زیاترە" جوانە عاسی، مامۆستا لە قوتابخانەیەكی خوێندنی كوردی كەركوك بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
مامۆستا جوانە (60 ساڵ)، دۆسیەكەی لە گواستنەوەی راژەدا روبەڕوی كێشە بۆتەوە، بەوپێیەی تەمەنی ئەو لای حكومەتی عیراقی راستەوخۆ بەرەو خانەنشینی دەڕوات و لای هەرێم دەبێت خزمەت بكات، "ئێمە لە نێوان دوو پەروەردەدا گیرمان خواردووە، هیچمان بۆ ناكرێت" ئەو دایكی چوار منداڵە و 20 ساڵە خزمەت دەكات.
عیراق كار بە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ژمارە 9ـی ساڵی 2014 دەكات بەڵام هەرێم كار بە یاسای خانەنشینی ژمارە 27ـی ساڵی 2006 دەكات كە هەڵوەشێنراوەتەوە لە عیراق.
پەروین فاتح، بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك باسی لەوەكرد هەموو رێكارەكانی گواستنەوەی راژە تەواو كراون و چاوەڕێی پەسەندكردنی بودجەی عیراق دەكەن.
پرۆژەیاسای بودجەی عیراق لە پەرلەمانە و هێشتا گفتوگۆی لەسەر نەكراوە.
مامۆستا پەروین بە (كەركوك ناو)ـی وت "بڕگەی 21ـی كارنامەی حكومەتی عیراق كاری باشی تیا كراوە و چۆتە پێشەوە، هەموو حزب و لایەنەكانیش كۆكن لەسەر جێبەجێبكردنی كارنامەكە"، ئەویش دەڵێت "تاكە گرفت كە هەمان بێت" دۆسیەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەیە لە دایكبوی ساڵانی 1961، 1962 و 1963ـن، لە هەوڵدان چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.
لە هەرێمی كوردستان، بە پێچەوانەوەی بەغداوە، سندوقی خانەنشینی مامۆستا نییە و ئەو بڕە پارەیەی مانگانە لێی دەبڕن، راستەوخۆ تێكەڵ بە بودجەی دەوڵەت و خەرجی دەبێت، ئەوەش لە نێوان هەردوو حكومەتدا بۆ گواستنەوەی راژەی خوێندنی كوردی، پێویستە رێكبخرێتەوە.
من و هەموو مامۆستایانی خوێندنگەكەم قایلین و داواكارین میلاكمان بگوازرێتەوە سەر حكومەتی بەغدا
"ئێمە مینحەمان لە سندوقی خانەنشینیدا نییە، بۆیە كاتی خانەنشینی بڕە پارەیەكی كەممان پێدەدرێت بەپێچەوانەوەی بەغداوە، ئەوەش جیاوازییەكی زۆرە لە نێوان خانەنشینی هەر دوو حكومەتدا".
مامۆستا پەروین نمونەیەكیش لەبارەی جیاوازیی خانەنشینی هەردولا باسدەكات؛ ئەگەر خانەنشینێكی حكومەتی عیراق خزمەتی 42 ساڵی هەبێت، موچەی ملیۆن و 500 هەزار دینار وەردەگرێت، لەگەڵ هاوكارییەك بەناوی بارگرانی ژیان بە بڕی نزیكەی 300 هەزار دینار، جگە لە موكافەئەی كاتی خانەنشینی كە دەگاتە 30 ملیۆن دینار، بەڵام هەمان ساڵی خزمەت لای حكومەتی هەرێم، موچەكەی 900 هەزار دینار دەبێت و موكافەئەی كاتی خانەنشینی تەنیا 10 ملیۆن دینارە.
بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی وتی رێنماییەكان تائێستا تەنیا بۆ گواستنەوەی راژەی دامەزرێنراوانی هەمیشەییە نەك مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست.
جگە لە كەركوك، لە ناوچەكانی دیكەی جێناكۆكیش خوێندنی كوردی هەیە كە مامۆستا و فەرمانبەرانی هەموویان دەگاتە نزیكەی 17 هەزار كەس.
كامەران عەلی حەسەن، بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری ئامادەیی خوێندنی كوردی لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "گواستنەوەی راژەی مامۆستایان دوو دیوی هەیە؛ یەكێكیان باشە و پەیوەندی بە بژێویی و ژیانی مامۆستایانەوە هەیە، ئەویتر خراپە چونكە گرفت دروستدەبێت بۆ خوێندنی كوردی و وەكو ئێستا نامێنێت" بێ ئەوەی زانیاری و وردەكاری زۆرتر بخاتەڕوو.
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان بە (كەركوك ناو)ـی وت هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو دۆسیەیە نادات، بەوپێیەی وردەكاری دۆسیەكە لای بەڕێوەبەری خوێندنی كوردییە لە كەركوك.