راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە هەڵسەنگاندێكی لیژنەی پەرلەمانیدا "باش" بووە و چارەنوسی لە ئەنجامی دوو لیژنەی دیكەدا هێشتا نادیارە، ئەوەش لە چوارچێوەی كارنامەی حكومەتدا بۆ هەڵسەنگاندن و لێكۆڵینەوە لە ئەدای پارێزگارە بەوەكالەتەكانی عیراق.
حكومەتی نوێی عیراق بڕیاریداوە پۆستە وەكالەتەكان لەنێویاندا پارێزگارەكان بەچەند قۆناغێك یەكلاییبكاتەوە، بەپێی كارنامەی حكومەت كە 27ی تشرینی یەكەمی 2022 لە پەرلەمان پەسەندكرا و دەبوو لە ماوەی شەش مانگی تەمەنی كابینەكەی محەمەد شیاعی سودانیدا پۆستە بەوەكالەتەكان یەكلاییبكرێنەوە.
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەڵسەنگاندنی پارێزگا بەوەكالەتەكان لەڕێی سێ لیژنەوە دەبێت، یەكەم لیژنە فۆڕمی هەڵسەنگاندنیان داوە بە پەرلەمانتارانی پشكی پارێزگاكان.. لەو لیژنەیەدا پەرلەمانتارانی كەركوك چوار مانگ لەمەوبەر هەڵسەنگاندنیان بۆ پارێزگاری كەركوك كردووە و بەپێی ئەو مەرجانەی لیژنەكە هەیەتی، لە هەموو مەرجەكاندا پارێزگاری كەركوك باش بووە و یەكێك بووە لەو پێنج پارێزگارەی بە باش دەرچون".
فۆڕمی هەڵسەنگاندنی پارێزگار لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، لە چەند خاڵێك پێكهاتووە لە نێویاندا توانای پارێزگار بۆ بڕیاردان، چارەسەری كێشەكان، هاندانی وەبەرهێنان، پێدانی زانیاری بە پەرلەمانتاران لەگەڵ پێشنیازی پەرلەمانتار بۆ دورخستنەوە یان هێشتنەوەی پارێزگاری بەوەكالەت لە پۆستەكەی.
بەپێی هەمواری دوەمی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارە 12ـی ساڵی 2018 كە كۆتایی ساڵی 2019 پەرلەمان پەسەندیكرد، كۆتایی بە كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هات و لەجێی ئەوان، پەرلەمانتارانی هەر پارێزگایەك راسپێردران بۆ چاودێری كاروبارەكانی پارێزگار.
سەباح حەبیب، پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی كەركوك (فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەناو پەرلەمان فۆڕمی هەڵسەنگاندنمان پڕكردەوە و هەر پەرلەمانتارێك لەسەر پارێزگاری شارەكەی خۆی دەربارەی ئەدا پارێزگار و كاروچالاكی و ئیدارەدان هەڵسەنگاندنی كرد".
ئەو ئاگاداری كاروباری لیژنەكانی دیكەی هەڵسەنگاندن نییە و دەڵێت، لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە چاودێری پرۆسەكە دەكرێت و راسپاردەی لیژنەكانی هەڵسەنگاندن دەدرێن بە ئەنجومەنی وەزیران، دواتر پەرلەمان بۆچونی خۆی لەسەر ئەنجامەكان دەردەبڕێت و ئەوكات بڕیاردەدرێت بە گۆڕینی هەر پارێزگارێك یاخود نا.
جگە لەو لیژنەیەی بۆچونی پەرلەمانتارانی وەرگرتووە؛ سەرۆك وەزیرانی عیراقیش لە دوای دەستبەكاربونیەوە لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە، بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی پارێزگارە بەوەكالەتەكان، لەڕێی چەند هەڵسەنگاندێكەوە كە پشت بە راپۆرتەكانی چاودێری دارایی، دەستەی نەزاهە، راپۆرتی پەرلەمانتاران و راپۆرتی پلاندانان دەبەستێت.
ناڕەزایی هاوڵاتیان لە ئیدارەی پارێزگا و مانگرتن و چاودێری پرۆژەكان لە پێوەرەكانی هەڵسەنگاندن
یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك وتی "لیژنەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیران چەند لایەنێكی دیكەش لەبەرچاو دەگرن لەكاتی هەڵسەنگاندندا، لەوانە ناڕەزایی هاوڵاتیان لە ئیدارەی پارێزگا و مانگرتن و چاودێریكردنی پڕۆژەكان، كە هەمووی 12 پێوەرە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای پارێزگارە بەوەكالەتەكان".
(كەركوك ناو) هەوڵیدا لەڕێی چەند وەزیرێكی حكومەتی عیراقییەوە زانیاری دەربارەی كارەكانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی پارێزگارە بەوەكالەتەكان دەستبكەوێت بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.
بەنگین رێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عیراق نیسانی ئەمساڵ بە كەناڵی عیراقییەی راگەیاندووە كە لیژنەكەی سەرۆك وەزیران بۆ هەڵسەنگاندنی پارێزگارە بەوەكالەتەكان لە قۆناغی پێشكەشكردنی راپۆرتەكەیاندان. بەڵام (كەركوك ناو) پەیوەندی بە جابر حەسانی، بریكاری وەزارەتەكەوە كرد و وتی ئەو دۆسیەیە هیچ پەیوەندییەكی بەوانەوە نییە.
هەر دەربارەی هەڵسەنگاندنی ئەدای پارێزگارە بەوەكالەتەكان؛ لیژنەیەكی دیكە لەڕێی دەستەی نەزاهە و چاودێری داراییەوە، زانیاری كۆدەكاتەوە.
عەلی حەمادی دەڵێت لیژنەكەی دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێری لەسەر بنەمای سكاڵا و كەموكورتی و گەندەڵی هەڵسەنگاندن دەكەن، "هەڵسەنگاندنی دەستەی نەزاهەی كەركوك، هەڵسەنگاندنێكی باش و ڕون و ئاشكرا نەبوو" بەبێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر بدات.
پارێزگاری كەركوك و بەشێك لە لێپرسراوانی دیكەی ئیدارەی پارێزگاكە زیاد لە جارێك بە دۆسیەی جیاواز لە ساڵانی رابردودا بانگهێشتی نەزاهە كراون.
یاریدەدەری پارێزگار باسی لەوەكرد كاری لیژنەكانی هەڵسەنگاندن تەواو بون، ئەنجامەكان لەبەردەستی سەرۆك وەزیراندایە و ئەو دەتوانێت بڕیاری گۆڕانكاری لە پۆستەكانی پارێزگار بدات، "ئێمە ئاگاداری لیژنەكە و كاروچالاكییەكانیان بوین لە كەركوك، پێكهاتەكانی توركمان و عەرەب و كریستیان هەمویان قایل بون بە مانەوەی پارێزگاری ئێستا لە پۆستەكەی تەنیا كورد قایل نەبون" بەوتەی عەلی حەمادی.
یەكێتیی و پارتی، پۆستی پارێزگاری كەركوك بە مافی كەركوك دەزانن و یەكێتیی لە ساڵانی رابردودا زیاد لە جارێك هەوڵیداوە ئەو پۆستە بۆ كاندیدێكی حزبەكەی وەربگرێتەوە.
راكان سەعید جبوری، كە جێگری پارێزگار بوو، لە كۆتایی تشرینی دووەمی 2017ـەوە بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عیراق، پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەوەكالەت وەرگرت، دوای ئەوەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوو بە بڕیاری پەرلەمان لادرا.
بەپێی یاسا، هەڵبژاردنی پارێزگار؛ تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە، بەڵام لە 2019ـەوە كارەكانی ئەنجومەن كۆتاییهاتووە و بەپێی شیكردنەوەی ئەنجومەنی شورای دەوڵەت، لە نەبونی ئەنجومەنەكاندا، پارێزگار دەتوانێت دەستلەكاركێشانەوەی رادەستی سەرۆك وەزیران بكات، هەر ئەویش كەسێكی دیكە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەكە رادەسپێرێت.