سەدان خێزانی ئێزیدی لە چیای شنگال، نە چوار ملیۆن دینارەكەی حكومەت دەیانگرێتەوە بۆ گەڕانەوە، نە هیچ كەس و لایەنێكیش ئامادەیە هاوكارییان پێبگەیەنێت ئەگەر لە ئاوارەییدا بمێننەوە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، نزیكەی 900 خێزانی ئاوارە لە كەمپی سەردەشت لە چیای شنگال دەژین، هەرچەندە حكومەتی فیدراڵی عیراق لە كۆتاییەكانی ساڵی 2020ـەوە بڕیاری داخستنی كەمپەكەی دەركردووە و لە هەموو هاوكارییەك بێبەشی كردوون.
"زۆر بەداخەوە ئێمەش ئاوارەین و تائێستا نەمانتوانیوە بگەڕێینەوە بۆ ناوچەکانی خۆمان بەهۆی وێرانبوونی ماڵەکانمانەوە، بەڵام حکومەتیش خۆی بێدەنگ كردووە لە قەرەبوکردنەوەمان" زیاد موراد وای وت. ئەو 10 ساڵە لە كەمپی سەردەشت نیشتەجێیە و مامەڵەی بۆ پێدانی هاوكاری دارایی گەڕانەوە پێشكەشكردووە، بەڵام وەرینەگرتووە.
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، هاوكاری دارایی گەڕانەوەی لە ملیۆنێك و 500 هەزار دینارەوە بۆ چوار ملیۆن دینار زیادكردووە، جگە لە پێدانی كەرەستەی ناوماڵ و چەندین ئیمتیازاتی تری وەكو دامەزراندن و موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی، بەڵام تەنیا بۆ ئاوارەی كەمپەكانی هەرێمی كوردستانە و كەمپی چیای شنگال ناگرێتەوە.
زیاد بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێمەش بە کەیفی خۆمان نەهاتووین بۆ چیا تا لەژێر خێوەتدا بژین، دەبوو ئێمە ئەو چوار ملیۆن دینارەی حكومەت بمانگرێتەوە و لەم ژیانە سەختە رزگاربین".
هەزاران هاوڵاتی ئاوارهی ئێزیدی، له سهروبهندی هێرشهكانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" رویانكرده چیای قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ) و بەشێكیان لە كەمپی سەردەشت نیشتەجێبون، كە سەرەتا زیاتر لە دوو هەزار خێزانی تێدابوو.
"هیچ هاوكارییەكمان پێنادرێت، هەر كەلوپەل و پێداویستییەكی تەندروستی و خۆراكیش كە هەبوو، ئێستا لە كەمپ هیچی لێنەماوە، تەنانەت خێوەتەكانیش چوار ساڵە نەگۆڕدراون و زۆر كۆن بون، هەموو ئەوانەش بە پاساوی داخستنی كەمپەكەوەیە" بەوتەی فادیە خالد، ئاوارەی كەمپی سەردەشت بۆ (كەركوك ناو).
حكومەتی عیراق هیچ كەمپێكی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا نەهێشتۆتەوە و بڕیارە لە كۆتایی تەمموزی 2024ـیشدا بە یەكجاری كۆتایی بە ئەركەكانی لە كەمپی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بهێنێت، ئەوەش پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.
عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق بە (کەرکوك ناو)ـی وت "لەئێستادا هیچ کەمپێک لە سنوری نەینەوا نەماوە و کەمپێک نییە بەناوی سەردەشت، تەنیا ئەو خێزانانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕێنەوە مینحەی چوار ملیۆن دینار وەردەگرن".
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن؛ كە بەشێكیان لە نزیكەی 26 كەمپدا دەژین، لەوانەش زۆرینە خەڵكی نەینەوا بە تایبەت قەزای شنگال و لە پێكهاتەی ئێزیدی-ـین، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستان.
لێپرسراوەكەی وەزارەتی كۆچ رونیكردەوە، هەوڵدەدەن بەپێی ئەو بودجەیەی تەرخانکراوە، بەزوترین کات هەموو خێزانە گەڕاوەکان لێی سوودمەندبن، "هەر خێزانێك لە هەر شوێنێكی عیراقەوە ئەگەر كۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەیی بهێنێت و تۆماربێت، ئەوا دەتوانێت لە هاوكاری ملیۆنێك و 500 هەزار دینار سودمەندبێت".
بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو)، ئاوارەكان بە پاساوی نەبونی سەقامگیری ئەمنیی، كەمی خزمەتگوزاری و نەبونی هەلیكار ناگەڕێنەوە، بە تایبەت بۆ شنگال كە ئابی 2014 قەزاكە كەوتە دەستی داعش و لە چەند مانگێكدا، بەهۆی شەڕەوە هەزاران خانوو و باڵەخانە و كەرتە خزمەتگوزارییەكانی وێران بون، جگە لە ئاوارەیی و كوشتن و رفاندنی هەزاران ئێزیدی، كە هێشتا چارەنوسی بەشێكیان نادیارە.
"دەبووایە حکومەت پلانی باشتری هەبێت بۆ داخستنی کەمپەکان، نەك هەر کاتێک و چۆنیان ویست ئاوا بە ئارەزوی خۆیان كەمپ دابخەن و چۆڵی بكەن و هاوكاری ئاوارەكان رابگرن، بێگومان ئەگەر هاوکاری و قەرەبوو باشی ئێمەش بكرایە، بۆ زێدی خۆمان دەگەڕاینەوە" فادیە خالد، وای وت.
لە هەموو عیراق، شەش ملیۆن هاوڵاتی بەهۆی شەڕی چەكدارانی داعش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانەوە (2014-2017) ئاوارەبون، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM) تائێستا زیاتر لە ملیۆنێك هاوڵاتی لە ئاوارەییدا دەژین، بە ئاوارەكانی ناو كەمپەكانی هەرێمی كوردستان و ئەوانەی دوای گەڕانەوە لە ناوچەكانی خۆشیاندا شوێنی مانەوەی هەمیشەییان نەماوە.