حكومەتی فیدراڵی عیراق، زەوی نیشتەجێبوونی بەسەر ژمارەیەك لە خانمانی رزگاربووی دەستی داعش دابەشكرد و بڕیارە بڕە پارەیەكیان بە قەرز پێبدات، تا خانوو دروستبكەن.
پرۆسەی دابەشكردنی پارچە زەوی نیشتەجێبون كە 29ـی ئایار بەڕێوەچوو، لە قۆناغی یەكەمدا 262 كەسی گرتەوە لە نێویاندا ئێزیدی و توركمان، ئەوەش لە چوارچێوەی یاسای خانمانی رزگاربوو، كە 29ـی ئایاری 2024 بەڕێوەبەرایەتی كاروباری رزگاربووان بە هاوكاری شارەوانی سەرپەرشتیی كرد.
"دوای چاوەڕوانییەكی زۆر، دڵخۆشبووم بە وەرگرتنی پارچەیەك زەوی نیشتەجێبوون، چونكە ئێستا سێ خێزان لەناو خانویەكدا دەژین، شوێنمان زۆر تەسک و ناخۆشە" بەفرین شڤان عەمۆ وای وت، ئەو دەڵێت بەنیازن لەسەر ئەو پارچە زەوییە خانویەك دروستبکەن.
بەفرین (26 ساڵ)، پێشتریش هەر بەپێی یاسای رزگاربووان موچەی مانگانەی بۆ بڕاوەتەوە، بەوپێیەی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەیدا لەلایەن چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش"ـەوە رفێنراون و دوای دوو ساڵ رزگاری بووە.
بەپێی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی كە ساڵی 2021ـدا پەسەندكرا، قهرهبوی دارایی و مهعنهوی خانمانی رفێنراو دەكرێتەوە، به ئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایسته و دوباره تێكهڵكردنهوهیان به كۆمهڵگە. لە نێویاندا پێدانی موچە، پارچه زهوییەكی نیشتهجێبون یان شوقه.
بەفرین شڤان، كە هێشتا چارەنوسی سێ برای رفێنراوی نادیارە، لەگەڵ خێزانەكەیدا لە ناوەندی شنگال نیشتەجێن و هاوسەرگیری كردووە، "تەنیا من و خوشكێكم زەوییمان وەرگرت و بە هیواین ئەوانی دیكەش بە زوترین كات لەو مافە سودمەندبن".
ئەو زەوییانەی دابەشكراون، 250 پارچەیان دەكەوێتە شنگال و ئەوانیتر لە تەلەعفەرە.
یاساكە هەموو كچان و ژنانی ئێزیدی، توركمان، كریستیان و شەبەك دەگرێتەوە، كە لەلایەن "داعش"ـەوە رفێنراون و دواتر ئازاد بون یان لە هەڵمەتی كوشتنی ئەو رێكخراوەدا، رزگاریان بووە.
شەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری لقی شنگالی فەرمانگەی كاروباری رزگاربوان بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەوانەی مامەڵەیان زووتر تەواو بووە زەوییان پێدراوە و چەند قۆناغێكی دیكەی دابەشكردنی زەوی ماوە، كە دواتر لەسەر ناوی رزگاربوان تاپۆ دەكرێت و پاشان حكومەت قەرزیان پێدەدات تا بتوانن خانوو دروستبكەن".
داعش شهش ههزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، لەو ژمارەیە زیاتر لە سێ هەزار و 500 كەس رزگاركراون، بەپێی ئەو ئامارانەی پێشتریش (كەركوك ناو) بڵاویكردۆتەوە؛ زیاتر لە هەزار و 300 رفێنراوی توركمان بە تایبەت لە قەزای تەلەعفەر هەن و تەنیا 48 كەسیان ئازادكراون، هەروەها 62 كریستیانی لە سەردەمی داعشدا بێسهروشوێن بوون، بەڵام هیچ ئامارێك دەربارەی رفێنراوانی شەبەك بەردەست نییە.
"زەوییەكانی شنگال تەنیا بۆ ئێزیدی بووە، ئەوانەی تەلەعفەر پێكهاتەكانی دیكەی تێدایە، زەوییەكان 200 مەترن و لە یەك شوێنی دیاریكراودا نین، هەر رزگاربوویەك دوای تەواوكردنی مامەڵەكانی لەلایەن شارەوانییەوە زەوییان بۆ تەرخاندەكرێت و دڵنیاییان پێدەدەین؛ دوودڵ نەبن و هەمویان بە مافەکانیان دەگەن" بەوتەی شەهاب ئەحمەد.
یاسای رزگاربوانی ئێزیدی، كە چەندین بڕگە و ماددەی دیكەی بۆ قەرەبووكردنەوەدا تێدایە، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان هەمواربكرێتەوە، بە ئامانجی فراوانكردنی و سودمەندبونی رزگاربوی زیاتر لە عیراق، بەڵام ئەوەش روبەڕوی دژایەتی بەشێك لە زرگاربوانی ئێزیدی بۆتەوە.