قەرەتەپە دەبرێتە دادگا
رێكارەكانی بە قەزابوونی ناحیەكە بەردەوامە سەرباری ناڕەزایی كورد

دیالە/ 2025/ ناوەندی قەرەتەپە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كەركوك ناو – دیالە

رێكارەكانی بە قەزابوونی قەرەتەپە هەنگاوی زیاتر دەنێت، فەرمانگە حكومییەكان لە خانەقین دادەبڕدرێن و راستەوخۆ بە ناوەندی دیالەوە دەبەسترێنەوە، لە كاتێكدا هێشتا كورد بە دوای دەرچەیەكی یاساییدا دەگەڕێت تا لە ڕێی دادگاوە ئەو گۆڕانكارییە رابگرن.

چەند رۆژێك لەمەوبەر، وەك هەنگاوێكی دیكەی تەواوكردنی سیمای بە قەزابوونی ناحیەی قەرەتەپە، پەروەردەی ناوچەكە لە بەشێكی بچوكی سەر بە پەروەردەی خانەقینەوە گۆڕدرا بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە، كە ئێستا هەموو كاروبارەكانی پەیوەستە بە ئیدارەی پارێزگاوە.

ئەو هەنگاوە نوێیە، بە ماوەیەكی كەم هات دوای هەڵوەشاندنەوەی سكاڵایەكی سوزان مەنسور، پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی كورد / یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلایەن دادگای كارگێڕی بەغداوە، بە پاساوی تێپەڕبوونی وادەی یاسایی تۆماركردنی سكاڵا.

سوزان مەنسور، پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی دیالە بە (كەركوك ناو)ـی وت "هێشتا بەقەزا بوونی قەرەتەپە یەكلایینەكراوەتەوە و سكاڵام تۆمار كردووە دژ بە هەریەك لە وەزیری پلاندانان و پارێزگاری دیالە و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لەوبارەیەوە بێدەنگ نابین چونكە پێشێلكاری یاسایی و ئیدارەی زۆر كراوە".

ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە 31ـی كانونی یەكەمی 2024ـدا بڕیاریدا بە گۆڕینی هەریەك لە ناحیەكانی قەرەتەپە، جەلەولا و بەنی سەعد بۆ قەزا، بەڵام هەرئەوكات ناڕەزایی لێكەوتەوە و چەند مانگێك ئەو مشتومڕە بە تایبەت لەسەر قەرەتەپە درێژەی كێشا، تا وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە 2ـی تەمموزی 2025 بە فەرمانێكی كارگێڕی لەو سێ ناحیەیە تەنیا بڕیاری بە قەزابوونی قەرەتەپەی خستە بواری جێبەجێكردنەوە بە دیاریكردنی سنورەكەی كە قەرەتەپە ناوەندەكەیەتی و جەبارە سەر بە قەزاكەیە.

لە 26ـی تەمموزی ئەمساڵ و لە مەراسیمێكدا بە قەزابوونی قەرەتەپە بە رەسمی راگەیەندرا و قایمقام لە بینای قایمقامیەت دەستبەكاربوو.

524302292_4201083033550918_1400927717375168322_n
ديالە/ تەموزی 2025/ گۆڕینی تابلۆی قەرەتەپە لە ناحیەوە بۆ قایمقامیەت فۆتۆ: راگەیاندنی ئیدارەی قەرەتەپە

لە ناوەڕاستی ئەیلولی ئەمساڵ، دادگای كارگێڕی بەغدا وردبینی بۆ سكاڵای پەرلەمانتارەكەی كورد كردووە و رەتیكردۆتەوە، بە پاساوی ئەوەی دوای 30 رۆژ لە بەرواری بەقەزابوونی قەرەتەپە تۆماری كردووە، بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ (كەركوك ناو).

بەڵام هەر لەو حزبە پارێزەرێك سكاڵای دژی بە قەزابوونی قەرەتەپە بردۆتە دادگای باڵای ئیداری و پێشتریش سكاڵایەكی ناڕەزایی لەوبارەیەوە پێشكەش بە پارێزگاری دیالە كردووە و چاوەڕوانی وەڵامی داواكارییەكانی دەكات.

قەرەتەپە ناحیەیەكی سەر بە قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە، دانیشتووانەكەی 50 هەزار كەس دەبن و دابەشبون بەسەر 10 گەڕەك و گوندەكانی دەوروبەریدا، دانیشتووانەكەی لە كورد، عەرەب و توركمان پێكهاتون و ناحییەكەش لە سنوری ناوچەكانی جێناكۆكدایە كە پێویستە بەپێی ماددەی 140ـی دەستور چارەنوسی یەكلاییبكرێتەوە.

نوێنەری هاوپەیمانی تەقەدوم لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، كە پاڵپشتی بە قەزابوونی قەرەتەپە دەكەن، دڵنیایی دەدات كە سەرباری ناڕەزایی، ئەوان ناوەستین و بەردەوامن لە تەواوكردنی هەموو رێكارە یاساییەكان.

نافع جبوری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە كە خەڵكی قەرەتەپەیە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "گۆڕینی ناحیەی قەرەتەپە بۆ قەزای سەربەخۆ چەندین سودی لە ئاستە جیاوازەكاندا دەبێت بۆ ناوچەكە، دیارترینیان، قەزا پێكهاتەیەكی كارگێڕی سەربەخۆتری هەیە بە بەراورد بە ناحیە، كە ڕێگە بە بەڕێوەبردنی باشتری سەرچاوەكان و بڕیاردانی ناوخۆیی كاریگەرتر و خێراتر دەدات".

هەروەها بە ئومێدە ئەو هەنگاوە داهات و بودجەی زیاتر بۆ قەرەتەپە فەراهەم بكات لە پێناو پرۆژەكانی گەشەپێدان وباشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا، "دەبێتە هۆی فراوانكردنی فەرمانگە خزمەتگوزارییە حكومییەكان وەك كردنەوەی دادگا، تۆماركردنی خانووبەرە، هاتوچۆ، باری شارستانی و دامەزراوەكانی دیكە لە قەزاكەدا كە كارئاسانی دەكات بۆ هاوڵاتیان لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەكان بەبێ ئەوەی پێویستیان بە چوون هەبێت بۆ خانەقین".

دەسەڵاتی سەرەكی ئیداری قەرەتەپە تا 2017 بە دەست كوردەوە بوو، لە نێویاندا پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە، بەهۆی لێكەوتەكانی سازدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری جێناكۆكەوە، ئەو پۆستە لای كورد نەما و قایمقامی ئێستای قەرەتەپە لە پشكی هاوپەیمانی تەقەدوم-ـە.

قەرەتەپە هێندە بێ خزمەتە شایەنی ناحیەش نییە نەک قەزا

"گۆڕینی ناحیەی قەرەتەپە بۆ قەزا تەنیا بابەتێکی سیاسییە لە پێناو بەرژەوەندی هەڵبژاردن و وەک بانگەشە بەکاردێت لەلایەن حزبێکی دیاریکراوەوە" مەیسەر زوبەیدی، چالاکوانی مەدەنی لە قەرەتەپە بۆ (كەركوك ناو) وای وت، وەكو ئاماژەیەك بۆ بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی مانگی 11ـی ئەمساڵ.

زوبەیدی دەڵێت هێشتا شارەکەیان هێندە پەراوێزخراوە و لەڕوویی خزمەتگوزاری بێبەش بووە، "شایەنی ناحیەش نییە نەک قەزا، بۆیە لەسەرەتا دەبوو پەرەیپێبدرێت و ئاوەدان بکرێتەوە دواتر ئاستی ئیداری بەرزبکرێتەوە"، نمونەی ئەوەی هێنایەوە لە قەرەتەپە نەخۆشخانە نییە و تەنیا بنكەی تەندروستی هەیە، پێشیوایە ئیدارەی قەرەتەپە بە "عەقڵیەتی ئێستا و نەبوونی دادپەروەری و یەكسانی، بۆ ئایندەی پێكەوەژیان و سەقامگیری شارەكە خراپە".

لایەنە كوردییەكان لە خانەقین، 8ـی تەمموزی ئەمساڵ كۆبوونەوە و بە هاوبەشی ناڕەزاییان دژی بە قەزابوونی قەرەتەپە نیشاندا، بەڵام دەرەنجامی نەبوو.

ئەكبەر حەیدەر، لێپرسراوی لقی 15ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین بە (كەركوك ناو)ـی وت ئەگەر بزانن هەر بڕیارێك سیاسی نییە، مەبەست لێی ئاوەدانی و گەشەپێدان و خزمەتكردنی خەڵكی ناوچەكەیە، ئەوا پێشوازی لێدەكەن و پشتیوانی دەبن، بەڵام پێیوایە بە قەزابونی قەرەتەپە بۆ جیاكردنەوەی قەرەتەپەیە لە خانەقین.

"مەبەست لەم بڕیارە لاوازكردنی خانەقینە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و بچوكردنی خانەقین، لە رێگای دابڕانی قەرەتەپە و جەبارە" ئامانجێكی دیكەیان هەیە كە ناحیەی كۆكس بخەنە سەر قەزای قەرەتەپە"  لە كاتێكدا كۆكس سەر بە ئیدارەی گەرمیان و قەزای كفرییە لە سنوری هەرێمی كوردستان... ئەو هەڵەش هەیە چونكە بەپێی یاسا نابێت هیچ قەزایەك لە سێ ناحیەی كەمتری هەبێت بە خودی ئەو ناحیەی كە دەبێتە ناوەندی قەزاكە" بەوتەی ئەكبەر حەیدەر.

لێپرسراوەكەی پارتی دەڵێت وەكو حزب و لایەنە سیاسیەكان لیژنەیەكی یاساییان پێكهێناوە بۆ بەدواداچون و كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بە قەزاكردنی قەرەتەپە لەرێی بەرزكردنەوەی یاداشتێك بۆ سەرۆكی كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران و گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان.

لە كاتێكدا ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە 20ـی تەمموزی ئەمساڵ نوسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان كردووە تا رێكارەكانی بە قەزابوونی قەرەتەپە رابگیرێت تا ئەوكاتەی لێكۆڵینەوە لە مەرجەكانی بە قەزابوونی دەكرێت، بەڵام رێكارەكان رانەگیراون.

WhatsApp Image 2025-09-16 at 8.48.50 AM
دیالە/ 2025/ بازاڕێكی ناوەندی قەرەتەپە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

ئەوس ئیبراهیم، تاكە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە پشكی حزبە كوردییەكان / یەكێتیی بە (كەركوك ناو)ـی وت "قەرەتەپە مەرجەكانی بە قەزابوون نایگرێتەوە"، بۆیە جگە لە نوسراو بۆ پلاندانان، لیژنەیەكی سێ كەسی پێكهێنراوە كە ئەویش تیایدا ئەندامە، تا لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بكەن.

هەروەها رونیكردەوە قەرەتەپە و جەبارە كە ماددەی 140 دەیانگرێـتەوە، بەپێی دەستور نابێت هیچ گۆڕانكاری لەو ناوچانەدا بكرێت تا 140 بە تەواوی جێبەجێدەكرێت، "دۆسیەی بەقەزابوونی قەرەتەپە بەشێوەیەكی نایاسایی تێپەڕیووە لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنەوە و یەكێك لە هۆكارەكانی لێپێچینەوە لەسەرۆكی ئەنجومەن هەمان دۆسیە بوو كە ساختەكارییە لە واژۆكانی ئەو بڕیارەدا".

لە ئاداری 2025ـدا، ئەنجومەنی پارێزگا لێپرسینەوەی لە عومەر كروی (سونە لە لیستی سیادە)، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كرد و دواتر بە پاساوی بڕوانەهێنان بە وەڵامەكانی، متمانەی لێوەرگرتەوە بەڵام ناوبراو بە بڕیاری دادگای كارگێڕی و بە كاتی گەڕایەوە تا دۆسیەكەی لە دادگا یەكلادەكرێتەوە.

نافع جبوری نایشارێتەوە كە چاوەڕواندەكرێت ئاڵنگاری و بەربەستی یاسایی یان كارگێڕی بۆ قەرەتەپە دروستببێت، دەربارەی نوسراوەكەی ئەنجومەنی بۆ وەزارەتی پلاندانان و داواكاری راگرتنی رێكارەكانی بە بەقەزابوونی ناحیەكە، جەختیكردەوە "هەوڵی جدی دەدەین بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ڕێكارەكان".

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش پێشتر بڕیاریدا دۆسیەی بە قەزاکردنی قەرەتەپە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەولێر بكات كە تیایدا ئاماژە بەوەدراوە "پێچەوانەی ماددەی 140ـە و کاریگەری و لێکەوتی لەسەر دیمۆگرافیای ناوچەکە دەبێت".

سوزان مەنسور وتی "یەكێك لە پێشیلكارییەكە گواستنەوەی ناحیەی كۆكس-ـە بۆ سەر قەرەتەپە، لە كاتێكدا ئەم بابەتە نایاساییە، چونكە كۆكس سەر بە هەرێمی كوردستانە"، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت قەرەتەپە مەرجەكانی قەزابوونی تیادا نییە، یەكێك لەو مەرجانە ئەوەیە رێژەی دانیشتوان كەمترنەبێت لە 80 هەزار كەس بەڵام قەرەتەپە بە جەبارە و كۆكس-ـەوە دانیشتوانیان كەمترە لە 72 هەزار كەس.

كورد لە دیالە یەك پەرلەمانتار و یەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەیە، لە نێو لایەنە كوردییەكانیشدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشدارە لە پێكهێنانی ئیدارە و ئەنجومەنی خۆجێیی پارێزگاكە لەگەڵ ژمارەیەك لایەنی دیكەی عەرەبی لە سونە و شیعە، تائێستاش تەنیا پۆستی قایمقامی خانەقین و بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییە بۆ یەكلابۆتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT