ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، بۆ جاری دووەم لە ماوەی پێنج مانگدا، دەنگیدا بە دورخستنەوەی عومەر كروی، لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن و نزار لهێبی بۆ جێگاكەی هەڵبژارد.
دانیشتنەكەی ئەنجومەن، یەكشەممە 23ـی ئاداری 2025 بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونی 12 ئەندام لە كۆی 15 ئەندام، تیایدا لێپرسینەوە لە عومەر كروی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كرا و دواتر بە پاساوی بڕوانەهێنان بە وەڵامەكانی، دەستلەكاركێشانەوەی خرایە دەنگدانەوە و پۆستەكەی لێوەرگیرایەوە.
هەر لەو دانیشتنەدا نزار لهێبی، بە كۆی دەنگی ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە وەكو سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە هەڵبژێردرا و ئەمڕۆ دوشەممە 24ـی ئادار لە بەردەم باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری پارێزگاكەیدا سوێنی یاسایی خوارد و بە رەسمی دەستبەكاربوو.
بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئەنجومەن دەستبەجێ دوای بڕوانەهێنان بە وەڵامەكانی كروی، دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ جێگاكەی كردۆتەوە، هەرچەندە عومەر كروی جەختیكردۆتەوە لەوەی دۆسیەی دورخستنەوەی پێشتری لە دادگای پێداچوونەوە یەكلانەبۆتەوە و بەبڕیاری پەرلەمانی عیراقیش نابێت دانیشتنی لێپرسینەوەی بۆ رێكبخرێت تا دۆسیەی یەكەمی یەكلانەبێتەوە.
عومەر كروی وتی "روودەكەینە دادگا بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەم دۆسیەیە، چونكە دۆسیەی یەكەممان هێشتا یەكلانەكراوەتەوە دەربارەی دورخستنەوەم لە جاری یەكەمدا و هەروەها نوسراوی پەرلەمان گەیشتووە كە ناكرێت دانیشتنی لێپرسینەوە و دورخستنەوەم رێكبخرێت، بەوپێیەی بڕیاری كۆتایی دادگا دەربارەی دۆسیەی یەكەمم دەرنەچووە".
روودەكەینە دادگا بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەم دۆسیەیە
پێشتر و لە 29ـی تشرینی یەكەمی 2024ـدا عومەر كروی، لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن دورخرایەوە و لە 31ـی هەمان مانگدا نزار لهێبی بۆ پۆستەكە هەڵبژێردرا و دەستبەكاربوو، دواتر دادگای ئیداری بڕیاریدا بە گەڕانەوەی كروی تا سكاڵاكە وردبینی بۆ دەكرێت و بڕیاری یەكلاییكەرەوەی لەسەر دەدرێت.
كروی و لهێبی هەردوكیان لە پێكهاتەی عەرەبی سونەن، یەكەمیان لە لیستی سیادە بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر و ئەویتر لە لیستی تەقەدوم، بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، ئەو دوو سەركردەیەی سونە كەوتنە ناكۆكی توندەوە بە تایبەت لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، كە دواتر سەرۆكی پەرلەمان و بەشێك لە پۆستی حكومەتی خۆجێیی چەند پارێزگایەكیش لە بەرژەوەندی كوتلەكەی حەلبوسی یەكلابونەوە.
نزار لهێبی، كە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی دیالە هەڵبژێردراوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو وتی "ئەنجومەنی دیالە متمانەی پێبەخشیم و پلانی پرۆژەكانمان بە جۆرێك دادەڕێژین كە ببێتە هۆی بەهێزكردنی ئاوەدانی و وەبەرهێنان، رێڕەوی چاودێری فەرمانگە حكومییەكان راستدەكەینەوە، بەردەوامدەبیت لە بەڕێوەبردنی دانیشتنەكان بەبێ دابڕان".
وردەكاری دانیشتنەكەی ئەنجومەن
دانیشتنەكەی ئەنجومەن، دوای هەڵكشانی ناكۆكییەكان و پەككەوتنی دانیشتنە ئاساییەكانی ئەنجومەن هات، كە لە 31ـی كانونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە نەیتوانیووە هیچ دانیشتێكی رەسمی بكات و نیساب تەواوبێت.
سالم تەمیمی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە (كەركوك ناو)ـی وت "بڕیاری دورخستنەوەی عومەر كروی بە رێككەوتنی پێش دانیشتنەكە نەبووە، بەڵكو هەموو ئەندامانی ئەنجومەن گەیشان بە ئەنجامێك كە سەرۆكایەتی ئەنجومەن لاوازە، بۆیە دانیشتنی دورخستنەوەی رێكخرا".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا ئەنجومەن پلانی هەیە بۆ گۆڕینی ئەو واقیعەی بۆتە هۆی پەكخستنی ئەنجومەن و دەیانەوێت بەردەوامی بە دانیشتنەكان بدەن بۆ تاوتوێی بڕیارەكانی پەیوەست بە پارێزگاكە لەگەڵ بەدواداچون بۆ كاری فەرمانگەكان و توندكردنی چاودێریكردنیان".

لە دانیشتنی لێپرسینەوەكەدا 12 ئەندامی ئەنجومەن ئامادەبوون، مشتومڕ و شەڕەقسە دروستبوو لە نێوان توركی جەدعان عەتبی، سەر بە دەوڵەتی یاسا كە سەرپەرشتی لێپرسینەوەكەی دەكرد لەگەڵ عومەر كروی، سەرۆكی ئەنجومەن، دوای ئەوەی كروی تۆمەتباركرد بە پێشێلكاری ئیداری و ساختەكردنی كۆنوسی دانیشتنەكانی پێشووتری ئەنجومەن، دیارترینیان دانیشتنی هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان و گۆڕینی هەردوو ناحیەی جەلەولا و قەرەتەپە بۆ قەزا.
چەندین مانگە دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی دیالە كراوەتەوە و دانەخراوە، لە 20ـی ئابی ساڵی رابردووەوە بە چەند قۆناغێكی جیاواز و بەهۆی ناكۆكییەكانەوە وەرگرتنی سیڤی كاندید و پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان هەروەها گۆڕانكاری لە كاندیدە هەڵبژێردراوەكاندا بەردەوامە، زۆرترین پۆست درەنگانێكی شەوی 23ـی تشرینی یەكەمی 2024، دور لە چاوی كامێراكان و چاودێرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، یەكلاییكرانەوە.
ئەندامانی ئامادەبوی دانیشتنەكەی ئەنجومەن "بڕوایان" بە وەڵامەكانی كروی نەهێناوە و دورخستنەوەیان خستۆتە دەنگدانەوە.
توركی جەدعان عەتبی، ئەندامی ئەنجومەن و سەرپەرشتیاری لێپرسینەوە لە كروی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی (كەركوك ناو) وتی "ئەنجومەن رۆڵی دەستوری و یاسایی خۆی جێبەجێكردووە دەربارەی لێپرسینەوە بە ئامانجی هەڵسەنگاندن، بە تایبەت كە ئەنجومەن دوو مانگ و نیوە هیچ دانیشتنێكی نەكردووە و هەموان وایدەبینن هۆكارەكەی ئەندامانی ئەنجومەنن، بەڵام لە راستیدا زۆربەی ئەندامان بڕوایان بە ئیدارەدانی ئەنجومەن نەبوو".
ئەوەشی رونكردەوە ناڕەزایی ئەوان دژی كەسێتی تایبەتی عومەر كروی نییە، "ئەو هاوڕێ و برای ئێمەیە، بەڵام لێپرسینەوەی بەهۆی بەڕێوەبردنیەوە بوو بۆ كارەكان"، توركی جەدعان دەڵێت لێپرسینەوەكە لە شەش پرسیار پێكهاتبوو، پێش نۆ رۆژ بۆیان ناردووە و پێنجشەممەی رابردوو وەڵامەكانی ناردۆتەوە. بەڵام كروی لە رونكردنەوەیەكدا جەختیكردۆتەوە لە ماوەی 48 كاتژمێردا وەڵامی هەموو پرسیارەكانی ناردۆتەوە و ئەوەشی بە ژمارەیەك نوسراو لە پەیجەكەی لە فەیسبوك بڵاوكردۆتەوە.
ئەنجومەن رۆڵی دەستوری و یاسایی خۆی جێبەجێكردووە
توركی جەدعان سورە لەسەر ئەوەی لێپرسینەوەكە "بە شەفافی بەڕێوەچوو، سوپاسمان كرد و دواتر بە كۆی دەنگ بڕوامان بە وەڵامەكانی نەهێنا، دانیشتنی دورخستنەوەی لە پۆستەكە كرا و لە شوێنی ئەو نزار لهێبی هەڵبژێردرا".
بەپێی ياساى پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا ژمارە 21 بۆ ساڵی 2008 – هەمواركراو ئەنجومەن دەسەڵاتی لابردنی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەیە بە زۆرینەی دەنگی رەها لەسەر داوای سێیەكی ئەندامان ئەگەر دەستپاك نەبوو، یان هۆكاربوو بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی، یان یەكێك لە مەرجەكانی ئەندامێتی ئەنجومەنی لە دەستدا یاخود كەمتەرخەم بوو لە راپەڕاندنی ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانیدا.
موزر كروی، پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی دیالە دەربارەی دورخستنەوەی عومەر كروی برای لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت "بڕیارەكەی ئەنجومەن دوای لێپرسینەوە بە عومەر كروی بۆ ئێمە چاوەڕواننەكراو نەبوو، وادیارە بڕیارەكە ئامادەكراو بووە، لە چوارچێوەی ئەو جموجۆڵانەی هەبووە بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە".
پێشیوایە هەندێك ئەجێندای هێزە سیاسییەكان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕۆن بەبێ درك كردن بەو هەڵەیەی كردوویانە، چونكە بابەتەكە تەنیا لەوەدا ناوەستێت، ئەو بەڵێنانەی سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی دراون لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە شكێنراون و ئەوانەش بۆ قۆناغەكانی داهاتوو بەهەند وەردەگیرێن".
یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دوای هەڵبژاردن لە 5ـی شوباتی 2024 بەڕێوەچوو، بەهۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان كوتلە جیاوازەكانەوە، بەكراوەیی مایەوە تا 1ـی ئاب لە هۆتێل رەشید-ـی بەغدای پایتەخت، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی، پارێزگار و دوو جێگرەكەی بەڕێوەچوو، ئەوەش قۆناغێكی دیكە لە بایكۆتی بەدوای خۆیدا هێنا و لە مانگی ئەیلولی هەمان ساڵ، ناڕازییەكانیش بۆ ئەنجومەن گەڕانەوە، بەڵام دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و دوایینیشیان بۆ لابردنی سەرۆكی ئەنجومەن، ناكۆكییەكانی ئەو دامەزراوەیەی زیندوكردەوە.