كورد لە ناوچەكانی جێناكۆك؛ چاوی لە كەركوك بوو، لە نەینەوا و دیالە پاشەكشێی كرد

كەركوك / 18ـی كانونی یەكەمی 2023/ ژنێكی بە تەمەنی كورد بە هاوكاری كارمەندانی ئەمنی دەچێتە بنكەیەكی دەنگدان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: كەركوك ناو

سیروان حسێن

لەكاتێكدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بون لە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك، جیاكردنەوە و هەژماری دەنگەكانی هەڵبژاردن دەریخست رێژەی كورسییەكانیان لەپاشەكشێدایە.

لە پارێزگای كەركوك؛ كە ناوچەی گەرمی ململانێی پێكهاتە و نەتەوە و حزبیی بوو، لیست و هاوپەیمانییەكانی كورد نەیانتوانی وەكو جاران زیاتر لە نیوەی كورسییەكانی ئەنجومەن بەدەستبهێننەوە، لە پارێزگاكانی نەینەوا و دیالە پاشەكشێی گەورەیان كردووە، لە پارێزگای سەڵاحەدین تەنیا نوێنەرێكیان دەچێتە ئەنجومەن، ئەوەش پاڵپشت بە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و دابەشكاری كورسییەكان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، بە كەركوكیشەوە كە 18 ساڵ لێی بێبەش بوو، 18ـی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوەچوو و دوای رۆژێك كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئەنجامی سەدا 94.4ـی دەنگی لایەن و كاندیدەكانیانی ئاشكراكرد.

 

كەركوك: لە سەدا 63ـەوە بۆ سەدا 47

daquq 2pm 2023 (15)
كەركوك/ 18ـی كانونی یەكەمی 2023/ دوو دەنگدەری كورد لە قەزای داقوق فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

هاوپەیمانیی و لیستی حزبە كوردییەكانی كەركوك، لە 15 كورسی ئەنجومەنی ئێستای پارێزگاكە، تەنیا حەوت كورسییان بەدەستهێناوە بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، ئەوەش رێژەی نزیكەی سەدا 47 دەكات، لەكاتێكدا پێشتر سەدا 63ـی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگایان بەدەستەوە بوو.

نەك لە ئەنجومەنی پارێزگا، لە ساڵی 2003ـەوە كورد بەردەوام لە هەموو هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق لە كەركوك، سەدا 50 یان زیاتری كورسییەكانی هەبووە.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كورد بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2005ـەوە، لەسەر یەكلیستی رێكنەكەوتن، بەڵكو بە پێنج لیستی جیا و دەیان كاندید لەیەككاتدا ململانێی ناوخۆیان و پێكهاتەكانی دیكەیان دەكرد.

لەو پێنج لیستەدا تەنیا دوانیان كورسییان بەدەستهێنا؛ یەكێتی لەگەڵ شیوعی هاوپەیمانی (كەركوك هێز و ئیرادەمانە)ـی هەبوو، بوون بە خاوەنی پێنج كورسی بە 139 هەزار و 373 دەنگ، هەروەها پارتی دوو كورسی بە 46 هەزار و 749 دەنگ مسۆگەر كرد.

نەوەی نوێ بە 24 هەزار و 620 دەنگ، هاوپەیمانی مەشخەڵی كەركوك (كۆمەڵ و یەكگرتوو) بە شەش هەزار و 655 دەنگ و پارتی سۆسیال دیموكرات بە 377 دەنگ كورسییان بەدەستنەهێنا.

كۆی كورسییەكانی كورد بەپێی ئەنجامی بەرایی حەوت كورسییە بە نزیكەی 218 هەزار دەنگ، لە بەرانبەردا لایەنە عەرەبەكان شەش كورسی و توركمانییەكان دوو كورسییان بەدەستهێناوە، لە كۆی 15 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا و یەك كورسی كۆتای كریستیان.

لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 520 هەزار هاوڵاتی كەركوكی دەنگیاندا، بەرێژەی لە سەدا 66، كە ئەوەش نزیكە لە هەمان رێژەی یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە 2005ـدا، كە زیاتر لە سەدا 68 بوو، لەوكاتەوە كەركوك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای بەخۆوە نەبینی بەهۆی ناكۆكی حزبە عەرەبی، كوردی و توركمانییەكانەوە لەسەر تۆماری دەنگدەران.

لە هەڵبژاردنەكەی 2005ـدا، كورد یەكدەنگ و بە ناوی لیستی برایەتی-ـەوە بەشداری كرد، لە كۆی 41 كورسی ئەنجومەنی ئەوكاتی پارێزگای كەركوك، 26 كورسییان بەدەستهێنا، كە رێژەی سەدا 63ـی كورسییەكان دەكات، لە بەرانبەردا توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەبوو.

كورسییەكانی لیستی برایەتی لەوكاتەدا حەوت كورسییان بۆ پارتی بوو، پێنج بۆ یەكێتی، یه‌كگرتووی ئیسلامی و حزبی شیوعی هه‌ریه‌كه‌ به‌ سێ ئه‌ندام، دوو كورسی بۆ دوو كاندیدی عەرەب، دوو كورسی بۆ كاندیدی سەربەخۆ و هه‌ریه‌كه‌ له‌ توركمان، سۆشیالیست، زه‌حمه‌تكێشان و كریستیان یه‌كی كورسییه‌كیان بەركەوت.

كورد لە كەركوك، تا روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 پۆستی پارێزگار و چەندین قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی بەدەستەوەبوو، كاتێك ئاڵۆزی كەوتە نێوان هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێرەوە بەهۆی ریفراندۆمەوە و كەركوك كەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەمنی هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی، كورد زۆربەی پۆستەكانی لەدەستدا.

 

لە نەینەوا... هێزەكەی جاران نەما

Naynawa
نەینەوا/ 18ـی كانونی یەكەمی 2023/ بنكەیەكی دەنگدان دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردن فۆتۆ: ئەحمەد بلە

حزبە كوردییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای پێشوی نەینەوا، بەپێی كورسی، هێزی یەكەم و دەنگی یەكلاییكەرەوە بون لە دابەشكردنی پۆستەكاندا، بەڵام لەمەودوا، ئەو پێگەیان نامێنێت، جاران سەدا 31 بون و ئێستا ناگەنە سەدا 24ــی ئەنجومەن.

كورد لە نەینەوا بە چوار لیست و هاوپەیمانی جیاواز چوونە كێبڕكێی بەدەستهێنانی 26 كورسییەكەی ئەنجومەنی پارێزگا؛ پارتی لیستێكی سەربەخۆی هەبوو، یەكێتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ئیتیحاد ئەهل نەینەوا، لەگەڵ ژمارەی حزب و لایەنی عەرەبی و پێكهاتەی جیاواز بەشداری كرد، پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بەجیا و شیوعی كوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی قیم ئەلمەدەنی كاندیدی هەبوو.

تەنیا دوو لیستیان بوونە خاوەنی كورسی، پارتی بە 127 هەزار و 938 دەنگ هێزی دووەمە و چوار كورسی مسۆگەرە، هاپەیمانییەكەی یەكێتی دوو كورسی بەدەستهێناوە بە 45 هەزار و 939 دەنگ، پارتی سۆسیال-ـیش تەنیا 923 دەنگی هەیە.

پارتی و یەكێتی، پێكەوە شەش كورسییان هەیە بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، ئەوەش رێژەی سەدا 23.5 دەكات لە 26 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا (ئەنجومەن بە سێ كورسی كۆتای كریستیان، ئێزیدی و شەبەك-ـەوە دەبێتە 29 كورسی بەڵام كێبڕكێی لایەنەكان لەسەر 26 كورسی گشتی بوو).

چەند حزبێكی كوردی كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشودا بەشداربون، لەم هەڵبژاردنە بەشدارنەبون، لەوانە بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی.

كورد پێكەوە ژمارەی دەنگەكانیان زیاتر لە 174 هەزار دەنگ دەكات و نزیكە لە هەمان دەنگی بەدەستهاتوی 10 ساڵ لەمەوبەریان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا كە زیاتر لە 173 هەزار دەنگ بوو.

لە ئەنجومەنی پێشووی پارێزگای نەینەوا، كە ساڵی 2013 هەڵبژێردرا، كورد سەدا 31ـی كورسییەكانی هەبوو، ئەوكات بە یەك لیست و بەناوی هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوەژیان بە سەركردایەتی پارتی و یەكێتیی، بوونە هێزی یەكەم، لە 36 كورسی گشتی ئەنجومەن خاوەنی 11 كورسی بوون. (ئەنجومەنی نەینەوا بە كۆتای كەمینەوە 39 كورسی بوو بەڵام ململانێی حزبەكان لەسەر 36 كورسی بوو).

حكومەتی خۆجێیی پارێزگای نەینەوا، تا ئەوكاتەی ئەنجومەن لە كاردابوو، كورد پێكهێنەری سەرەكی و دەنگی یەكلاییكردنەوەی پۆستەكانی بوو، لە چوارچێوەی رێككەوتنێكیشدا جگە لە سەرۆكی ئەنجومەن، جێگری پارێزگار و چەندین پۆستی دیكەی باڵای بەدەستەوەبوو.

 

نیوەی "دیالە"ـیان لە دەستدا

xanaqi 11am 18.12.2023 (4)
دیالە/ 18ـی كانونی یەكەمی 2023/ دوو دەنگدەری كورد لە خانەقین دەنگیانداوە فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەو مەترسییەی حزبە كوردییەكانی دیالە، لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا هەیانبوو، دەقاودەق وەك خۆی هاتەدی، نەك كورسییەكانی جارانیان بەدەستنەهێنایەوە، بەڵكو بوون بە نیوە.

كورد لەو پارێزگایە، بە هەموو لیست و كاندیدەكانیانەوە، تەنیا یەك كورسییان لە ئەنجومەن بەدەستهێناوە و بۆ لیستی یەكێتی بووە، ئەوەش بە رێژەیی نزیكەی سەدا 6.7 دەكات لە كۆی 15 كورسی دیالە، بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و سیستەمی سانتلیگۆ.

بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی رابردوی ئەنجومەن، كورد لەم هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانییان پێكنەهێنا، هەریەك لە یەكێتی و پارتی و سۆسیال بە جیا لیستیان راگەیاند و 50 كاندیدیان هەبوو، هەر ئەوەش وایكرد لە بەدواداچونێكی پێشتری (كەركوك ناو) مەترسی خۆیان لە پەرتبونی دەنگی كورد نیشانبدەن.

كوردی دیالە، بە زۆری دەكەونە ناوچەكانی جێناكۆك لە قەزای خانەقین و دەوروبەری، كە دانیشتوانی ئەو ناوچانە زیاتر لە 238 هەزار كەسن، بەپێی ئامارەكانی دەزگای ناوەندی ئامار بۆ ساڵی 2019.

لەم هەڵبژاردنەدا، بە سێ لیستی كورد نزیكەی 31 هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە؛ زیاتر لە 24 هەزار بۆ یەكێتی و نزیكەی حەوت هەزار بۆ پارتی بووە، لە ریزبەندی هێزی حەوتەم و نۆیەمدان.

كورد لە ئەنجومەنی پێشوی پارێزگای دیالە (هەڵبژاردنی 2013)، بە هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوەژیان سێ كورسی هەبوو لە كۆی 29 كورسی، كە ئەویش یەكێكیان پارتی و دوانیان یەكێتیی بون، دەیكردە رێژەی سەدا 11ـی كورسییەكان و هێزی سێیەم بون.

لە هەڵبژاردنی 2009ـی هەمان ئەنجومەندا لە كۆی 29 كورسی، شەش كورسییان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستانیدا بەدەستهێنابوو، كە سێ كورسی بۆ یەكێتیی، هەریەك لە پارتی و سۆسیالیست و یەكگرتوو یەكی كورسییەكیان بەركەوت، ئەوكاتیش هێزی سێیەم و نزیكەی سەدا 21 كورسییەكانیان بەدەستەوەبوو.

تا 16ـی ئۆكتۆبەری 2017؛ زۆربەی پۆستە ئیدارییەكانی خانەقین و دۆسیەی ئەمنی لەژێر دەستی لایەنە كوردییەكاندا بوو، بەرلەوەی هێزەكانی سەر بەحكومەتی فیدراڵی بگەڕێنەوە، كاتێك پێشمەرگە پاشەكشێی كرد بەهۆی بارگرژییەكانی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم.

 

لە سەڵاحەدین هيچیان نەگۆڕی

kirkuk 2023 mahmood (5)
كەركوك/ 2023/ دەنگدان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: كەركوك ناو

لە سێ كاندیدەكەی حزبە كوردییەكانی پارێزگای سەڵاحەدین، تەنیا یەكێكیان بەشی كورسی دەنگی بەدەستهێناوە و ئەوانیتر لە 15 كورسییەكەی ئەنجومەن بێبەشدەبن.

بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، یاسین محەمەد داودی، كاندیدی یەكێتی هەشت هەزار و 448 دەنگی بەدەستهێناوە، بەوهۆیەوە چۆتە ریزبەندی چوارەم كاندیدی هاوپەیمانی جەماهەیر وەتەنییە و كورسی مسۆگەر كردووە، چونكە هاوپەیمانییەكە هێزی یەكەمی پارێزگاكەیە و پێنج كورسی دەبات.

حزبە كوردییەكان، نەیانتوانی هاوپەیمانی پێكبهێنن و لەناو خۆشیاندا لەسەر كاندیدێكی هاوبەش یان دوو كاندید رێكنەكەوتن، بۆیە هەریەكە و بە جیا، لەگەڵ لایەنی دیكەی عەرەبیدا چونە كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە.

یەكێتی كاندیدەكەی لە هاوپەیمانی جەماعیر وەتەنییە دانا، پارتی ژنە كاندیدێكی خستە ناو لیستی حەسمی وەتەنی و شیوعی بە كاندیدێك لە هاوپەیمانی رئاسە بەشداربوو.

تارا جەلال داودی، كاندیدەكەی پارتی هەزار و 171 دەنگی هەیە، نەیتوانیووە كورسی بەدەستبهێنێت و لە ریزبەندی یانزەهەمینی دەنگی كاندیدەكانی ئەو لیستەدایە، كە تەنیا دوو كورسی دەهێنێت.

هەروەها كاندیدەكەی شیوعی، هێمن بەرزان، تەنیا 620 دەنگی هەیە، كە زۆرترین دەنگە لە نێو هاوپەیمانییەكەیدا بەڵام هیچ كورسییەك بەدەستناهێنێت.

كێبڕكێی سێ كاندیدی كورد لە كاتێكدابوو، ژمارەی دەنگدەری كورد لە سەڵاحەدین ناگاتە 40 هەزار كەس، ئەوەش بەپێی ئاماری نافەرمی حزبەكان، لە كۆی زیاتر لە 154 هەزار دانیشتوی هەموو قەزای دوزخورماتوو (بەپێی ئاماری دەزگای ئامار)، كە تاكە ناوچەی جێناكۆكی ئەو پارێزگایەیە و دانیشتوانەكەی لە كورد، توركمان و عەرەب پێكهاتون.

حزبە كوردییەكان لە هەڵبژاردنی 2013ـیشدا بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، تەنیا یەك كورسییان بە دەستهێنا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوەژیان لە كۆی 29 كورسی، لە هەڵبژاردنی 2009ـی ئەنجومەنی هەمان پارێزگادا كورد بە لیستی برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتی توانی دوو كورسی لە كۆی 28 كورسی بەدەستبهێنێت.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی تشرینی یەكەمی 2021ـدا، كورد بۆ یەكەمجار توانی لەسەر پشكی پارێزگای سەڵاحەدین (بازنەی دوزخورماتوو) كورسییەكی پەرلەمان بە زیاتر لە 12 هەزار دەنگ مسۆگەر بكات، لە كاتێكدا خولەكانی پێشوی هەڵبژاردنی پەرلەمان سەرباری دانانی كاندید بە جیا یان لەناو لیستە عەرەبییەكاندا، بەڵام هەر كورد نەیتوانی كورسی بەدەستبهێنێت.

كورد كە چەندین ساڵ پۆستی قایمقامی قەزای دوزخورماتوی بەدەستەوەبوو لە سەڵاحەدین، لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە ئەو پۆستە و چەندین لێپرسراوێتی دیكەی لەدەستدا، بەشێك لە هاوڵاتیانی ناوچە كوردنشینەكانیش ئاوارەكان و هێشتا بەشێكیان نەگەڕاونەتەوە.

لە ئۆكۆتبەری 2017ـدا بەهۆی ئاڵۆزی نێوان هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر بەهۆی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە، پێشمەرگە و هێزی كوردی لە ناوچەكانی جێناكۆك پاشەكشێیان كرد و لە هەندێك ناوچەی وەك دوزخورماتوو، بارگرژی رویدا و بەهۆیەوە، سەدان خانوو و دوكانی هاوڵاتیانی كورد سوتێنران و زیانیان بەركەوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT