پاشەكشێی ئازادیی رۆژنامەوانی لە عیراق و هەرێمی كوردستان

وێنە: رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەگەڵ دوایین راپۆرتیدا دەربارەی بارودۆخی ئازادیی رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان بڵاویكردۆتەوە

كەركوك ناو

ئازادیی رۆژنامەوانی لە عیراق و هەرێمی كوردستان، بەرەو ئاستێكی خراپتری پڕ مەترسی دەڕوات، بەهۆی بەردەوامی پێشێلكارییەكانەوە، لە نێویاندا دەستبەسەركردنی زۆرەملێ و دادگاییكردنی "نادادپەروەرانە"ـی رۆژنامەنووسان.

لە نێو 180 وڵاتی دنیادا، عیراق بە هەرێمی كوردستانەوە لە پلەی 169ـەمیندایە، ئەوەش بەپێی دوایین پلەبەندی وڵاتان بۆ ئازادیی رۆژنامەوانی، كە رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور 3ـی ئایاری ئەمساڵ، هاوكات لەگەڵ رۆژی جیهانی ئازادیی رۆژنامەوانیدا بڵاویكردەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە، ئاستی ئازادیی لە عیراق خراپتر بووە، بەوپێیەی ساڵی رابردوو لە پلەی 167ـەمیندابوو، بۆیە تادێت ناڕەزایی و فشاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی داكۆكیكار لە ئازادیی رۆژنامەوانی لەسەر دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر، زیاتر دەبن.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (AMNESTY)، لە نوێترین راپۆرتیدا داوا لە دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكات سنورێك بۆ هێرشكردنە سەر مافی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەوانی دابنێن، لەوانە دەستگیركردن، لێدان و دادگاییكردنی "نادادپەروەرانە"ـی رۆژنامەنوسان، چونكە چەندین رۆژنامەنوس بەهۆی هەراسانكردن و تۆقاندن ناچار بە هەڵاتن و خۆشاردنەوە بون یان وازیان لە كاری رۆژنامەوانی هێناوە، جگە لەوەی هێشتا ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە زیندانن.

بیسان فەقیە، لێپرسراوی كەمپەینی عیراق لە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان وانیشانی دەدات كە هەرێم بۆتە "ڕووبەرێك بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانی"، بەڵام "ئەوە جگە لە بانگەشەیەكی گاڵتەجاڕانە هیچی تر نییە، بە لەبەرچاوگرتنی سەركوتكردنیان بۆ ئازادیی رۆژنامەوانی، هەراسانكردنی رۆژنامەونوسان، تۆقاندن و دادگاییكردنیان، بە تایبەت ئەوانەی لەسەر گەندەڵی بابەتیان نوسیوە و رەخنەیان لە مامەڵەی دەسەڵات گرتووە لە دۆسیە كۆمەڵایەتییەكاندا.

بەپێی ئامارەكانی ئەو رێكخراوە، لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان لانیكەم 10 رۆژنامەنوسی بانگهێشتكردووە بۆ لێكۆڵینەوە یان دەستبەسەری كردون، كەسانێكیش هەن روبەڕوی حوكمی دادگا كراونەتەوە.

CARTE_2024 EN
عیراق "زۆر مەترسیدار"ـە بۆ ئازادی رۆژنامەوانی، بەپێی پلەبەندی 2024ـی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور

لە هەموو عێراقیش، بە هەرێمەوە، تەنیا لە ماوەی (3ـی ئایاری 2023 تا 2ـی ئایاری 2024) ساڵێكدا 333 پێشێلكاری تۆماركراون، لە نێویاندا دەستگیركردن، برینداركردن، هێرشی چەكداری، رێگری، لێدان و تۆماركردنی سكاڵا لەسەر رۆژنامەنوسان، بەپێی ئاماری كۆمەڵەی داكۆكیكردن لە ئازادیی رۆژنامەوانی لە عیراق.

لەو پێشێلكارییانەدا، بەغدا بە پلەی یەكەم دێت، بەدوای ئەودا هەولێر و ئینجا بەسرە، هەروەها كەركوك لەو ئامارەدا 27 پێشێلكاری بەردەكەوێت، نەینەوا 32، دیالە دوو و لە سەڵاحەدینیش ئەو كۆمەڵەیە یەك پێشێلكاری تۆماركردووە.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە راپۆرتەكەیدا قسەی لەگەڵ هەشت رۆژنامەنوس، كەسوكاری رۆژنامەنوسانی دەستگیركراو و پارێزەرەكانیاندا كردووە، بەڵگە و نوسراوەكانی تایبەت بە دادگاییكردنی چوار رۆژنامەنوسی دەستبەسەركراوی هەرێمی كوردستانی بینیووە، هەمویان جەختیانكردۆتەوە لە بەربەستەكانی بەردەم ئازادیی رۆژنامەوانی.

نمونەی دۆسیەی قارەكان شوكری باسكردووە، كە بە حەوت ساڵ زیندانی حوكمدراوە، لە پرۆسەیەكی "دادگاییكردنی نادادپەروەری نهێنی"ـدا، دوای ئەوەی بە هۆی رەخنەگرتنی لە مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بۆردومانەكانی توركیا، دەستگیركراوە.

قارەمان شوكری، فۆتۆجۆرنالیستە، بۆ ماڵپەڕی رۆژنیوز و كەناڵی ستێر تیڤی كاریكردووە، لە 27ی كانونی دوەمی 2021ـدا دەستگیركراوە.

بەوتەی زێرەڤان شوكری، برای قارەكان بۆ رێكخراوەكە، لەكاتی دەستگیركردنەكەدا، دەرگای سەرەكی ماڵەكەیان لە دهۆك شكێنراوە و لەسەر جێگاكەی بە راكێشان بردویانەتە دەرەوە. قارەمان دوای چوار مانگ لە بێسەروشوێنی، لەڕێی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییەوە بۆ خێزانەكەی لە كارمەندێكی ئاسایشەوە، زانیویانە لە زیندانی زەركای شاری دهۆكە، لەكاتی سەردانیكردنیشیدا لە ئایاری 2021ـدا، قارەمان وتویەتی "هێزە ئەمنییەكان بە توندی لێیانداوە تا دان بە تاوانێكدا بنێت كە نەیكردووە".

"دەترسا و دەیویست لێدانی بوەستێت" بەوتەی براكەی قارەمان، هەروەها پێیوتوون لەكاتی لێپرسینەوەدا نوێنەری یاسایی نەبووە، خێزانەكەیشی تا كاتی حوكمدانی، ئاگاداری تۆمەتەكان و پرۆسەی دادگاییكردنەكەی نەبوون.

بەپێی بەڵگەكانی دادگای تاوانەكانی دهۆك كە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بینیوویەتی، قارەمان شوكری تاوانبار كراوە بە "چونە ناو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و  بەشداریكردنی لە چالاكی سیخوڕی و ئاڵوگۆڕی زانیاری"، رێگەنەدراوە پارێزەر دابینبكات و كاتی پێویستی پێنەدراوە بەرگری لە خۆی بكات، تەنانەت قارەكان بە براكەی وتووە، ئاگاداری دادگاییەكەی نەبووە تا لەپڕ بە ئۆتۆمبێلێكی هێزە ئەمنییەكان بۆ دادگای تاوانەكانی دهۆك گواستراوەتەوە.

qaraman-shukri
قارەمان شوكری، یەكێك لە رۆژنامەنوسە حوكمدراوەكەی هەرێمی كوردستان فۆتۆ: CPJ بڵاویكردۆتەوە

لە 12ـی تشرینی یەكەمی 2023ـدا، دادگای پێداچونەوە، حوكمەكەی قارەمان شوكری پەسەندكردووە، هەرچەندە بە دادوەرانی راگەیاندووە كە "دانپێدانانەكانی" بە زۆرملێ لێوەرگیراوە.

بیسان فەقیە دەڵێت "لە چركەساتی دەستگیركردنیەوە، مافە سەرەكییەكانی قارەمان شوكری پێشێلكراوە، لەنێویاندا مافی دادگاییكردنێكی دادپەروەرانە، هەروەها روبەڕوی لێدان بۆتەوە، ناچار بە دانپێدانان كراوە و بێبەشكراوە لە دابینكردنی پارێزەر".

چەندین دۆسیەی دیكە هەن، كە یەكلایینەكراونەتەوە، لەوانە دەستگیركردنی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، كە چەند مانگێكە لە زیندانە و چارەنوسی نادیارە.

سلێمان ئەحمەد، كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی دەزگای رۆژنیوز كاریدەكرد، لەكاتی گەڕانەوەیدا له‌ رۆژئاوای كوردستان (سوریا) بۆ هەرێمی كوردستان لە 25ی تشرینی یەكەمی 2023دا له‌ ده‌روازه‌ی فیشخابوور (سێمێلكا) دەستگیركرا و بێسەروشوێن بوو، ئاسایشی دهۆك لە 31ی هەمان مانگ ئاشكرای كرد كە لای ئەوانە.

ژینگەی كاری رۆژنامەوانیی بەپشتبەستن بە ئامارەكان، ژینگەیەكی تەندروست نییە، لە دەیەی رابردووەوە لانیكەم چوار حاڵەتی كوشتنی رۆژنامەنوسان هەبووە و بكوژی سەرەكی دەربازی بووە لە سزا. هەورەها چەند رۆژنامەنوسێك بەدەر لە یاسای رۆژنامەگەری سزادراون و تۆمەتی "سیخوڕ و ئاژوەگێڕیان" دراوەتەپاڵ.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، داوای دەستبەجێ ئازادكردنی بێ مەرجی هەموو دەستگیركراوان دەكات، كە تەنیا بەهۆی كاری رۆژنامەوانییەوە دەستبەسەرن، بیسان فەقیە دەڵێت "پێویستە دەسەڵاتداران پاڵپشتی مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی رۆژنامەوانی بكەن، هەنگاوی جێی باوەڕ بنێن بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار تا رۆژنامەنوسان یتوانن بە ئارامی و سەلامەتی كارەكانیان بكەن و رێگە بە خەڵك بدرێت بە ئازادیی راوبۆچونی رەخنەیی خۆیان دەرببڕن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT