ره‌نگه بێوه‌یترین پێكهاته‌ی ئایینی وڵاتی نێوان دوو روبارەکە بن؛ كه‌مترین پشکیان لە هەڵگیرساندنی ململانێ ئیداری، چه‌كداریی و سیاسییه‌كانیدا هه‌بووە، به‌ڵام زوربەی کات هه‌ر ئه‌وان دواجار قوربانییەکە بون.
خه‌ریكه كریستیانه‌كانی عیراق هیچ ناوچه‌یه‌كی جوگرافییان به ده‌سته‌وه نامێنێت تەنانەت به زێدی مێژویی خۆشیانه‌وه. نه‌ك له حوكمڕانی، پاراستنی زمان و كلتوره‌كانیاندا له پاشه‌كشێدان، به‌ڵكو تادێت ژماره‌شیان كه‌متر ده‌بێته‌وه.
له نه‌وه‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا، ژماره‌ی كریستیانه‌كانی عیراق له ملیۆنێك و 500 هه‌زار كه‌س زیاتر بون، واتە نزیكه‌ی له سه‌دا سێیی دانیشتوان بون؛ تا شه‌ڕی هاوپه‌یمانان و كۆتایی حوكمڕانی به‌عس له 2003دا، هێشتا ده‌وروبه‌ری 800 هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه له وڵات‌دا مابون.
ژمارەی کریستیانەکان بۆ 200-300 هەزار کەس کەمبۆتەوه، ئەویش به‌هۆی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانه‌وه، به‌پێی ئامارێكی 2017ی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لای ئێمه گیانی مرۆڤ له هه‌موو شتێكی تر گرنگتره
"زێدی ره‌سه‌نی كریستیان ده‌شتی نه‌ینه‌وایه، به‌ڵام شه‌ڕ و توندوتیژییه‌كان وایكردوه خه‌ڵك بێ دودڵی له زێدی خۆی كۆچبكات، چونكه لای ئێمه گیانی مرۆڤ له هه‌موو شتێكی تر گرنگتره" كلارا ئیلیا وای وت.
خانه‌واده‌كه‌ی كلارا، خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی به‌تاوین-ی به‌غدای پایته‌خت بون، ساڵانێكه رویانكردۆته هه‌رێمی كوردستان له ترسی توندوتیژیی و مه‌ترسی گروپه چه‌كداره‌كان، له نێویاندا رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
داعش له ناوه‌ڕاستی 2014 كاتێك موسڵی كۆنتڕۆڵكرد؛ سێ بژارده‌ی خستە بەردەم کریستیانەکان ئەوانیش ئیسلامبون، پێدانی جزیە یان بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان، بۆیە زۆرینه به ناچاری ئاواره‌بون.
كلارا وتی "ته‌نیا له گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌تاوین و به‌غدادی نوێ له پایته‌خت، وه‌ختی خۆی پێنج هه‌زار كریستیان هه‌بووه، به‌ڵام سه‌دا 90ی كۆچیكرد بۆ پارێزگاكانی تر یان ده‌ره‌وه‌ی وڵات".
هاوڵاتیانی كریستیان، به زۆری نیشتەجێی به‌غدا بون، پاشان ناوچه‌كانی تری وەک نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، دهۆك و هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی كه‌م له چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عیراق.
"ئێستا ئه‌گه‌ر به‌سه‌ردانێك بچینه‌وه به‌غدا، ئه‌وا ده‌بێت شه‌و له ئوتێل بمێنینه‌وه، چونكه كه‌سمان له‌وێ نه‌ماوه؛ ئێستا دۆخه‌كه گۆڕاوه، عیراق بۆ كریستیانەکان وه‌ك دۆزه‌خی لێهاتووه و خه‌ڵكه‌كه‌مان ته‌نیا چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌تێكه تا كۆچ بكات".
ئه‌وه‌ی زیاتر كلارای نیگه‌رانكردووه، جگه له‌وه‌ی خه‌ریكه زێدی خۆیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، زمانه‌كه‌شیان له پوكانهوهدایه، به‌وپێیه‌ی زۆرینه له ژێر هه‌ژمونی حوكمڕانی پێكهاته‌ی تردا، به عه‌ره‌بی قسه ده‌كه‌ن و ده‌خوێنن نه‌ك سریانی.
ئایینی مه‌سیحی، دوه‌م گه‌وره‌ترین ئایینه له عیراق دوای ئیسلام، به‌پێی ده‌ستوری عیراق دانیپێدانراوه و زمانیشیان پارێزراوه، كه سریانییه و وه‌ك له ده‌ستوردا هاتووه، پێویسته له‌و ناوچانه‌ی تێیدا زۆرینه‌ن هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك مافی بەکارهێنانی زمان و کەلتوری خۆی پێبدرێت.
عيماد فه‌ره‌ج پولس، قه‌شه‌ی كه‌نیسه‌ی عائیله موقه‌ده‌سه له پارێزگای كه‌ركوك وتی "له ده‌ستوردا ئاماژه به پاراستنی كلتوری كریستیان دراوه و تا راده‌یه‌ك پارێزرابوو، به‌ڵام داعش هه‌موو شتێكی گۆڕی، زمان و كلتورمان كه‌وته قۆناغێكی جێی مه‌ترسی و پێویسته كاری جددی بكرێت تا له‌ناو نه‌چێت".
خه‌ڵك بێزاره له قسه و هیوایان به عیراق نه‌ماوه، بۆیه كۆچ وه‌ك چاره‌سه‌ر ده‌بینن
به‌پێی ئاماره‌کانی کارگێڕی کڵێساکانی که‌رکوک كه پێشتر به (كه‌ركوك ناو) دراوه، 12 که‌نیسه له ناو شارهکەدان، به‌ڵام ته‌نیا له یه‌ک که‌نیسه‌دا زه‌نگ لێده‌درێت، لانیکه‌م حه‌وت که‌نیسه‌یان له دوای ساڵی 2003ـەوه به ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو ته‌قێنراونه‌ته‌وه.
"له كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستاندا، گرنگی به كلتوری كریستیان دراوه، خوێندن به زمانی سریانی هه‌یه، به‌ڵام له پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خواری عیراق كریستیانه‌كان پێویستیان به گرنگیپێدانی زۆر هه‌یه" به‌وته‌ی عیماد فه‌ره‌ج.
كڵێسا و شوێنه ئاینییه‌كانی كریستیان له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عیراق، روبه‌ڕوی كرده‌وه‌ی توندوتیژی بونه‌وه، یان ده‌رگاكانیان به‌روی سروته ئاینییه‌كاندا داخراون.
كه‌نیسه‌ی ئوم به‌شاره ساڵحه، له به‌عقوبه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای دیاله، دوای 14 ساڵ، له 2019دا جارێكی‌تر كرایه‌وه و یه‌كه‌م سروتی ئایینی تێدا سازکرا، دوای ئه‌وه‌ی له 2006دا به‌هۆی توندوتیژیی رێكخراوی قاعیده‌وه كریستیانه‌كان له‌و سنوره‌دا روبه‌ڕوی راوه‌دونان بونەوه.
له قه‌زای خانه‌قین-ی پارێزگای دیاله‌ش، تاكه كه‌نیسه‌ی كریستیانەكانی خانەقین، دەیان ساڵە ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە و هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە لە بۆنەو مەراسیمەكانیاندا، بە ناچاری روو لە ناوچەكانی تری هەرێم ده‌كه‌ن.
لەنهینهوا و به‌غدا، زۆرترین كڵێسا و شوێنی ئایینی كریستیان زهنگهكانیان له لێدان كه‌وت، له ئه‌نجامی ساڵانێكی دورودرێژ له شه‌ڕی گروپه چه‌كدارییه‌كان.
ته‌نیا له پارێزگای نه‌ینه‌وا، 85 كڵێسا به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه زیانی زۆریان به‌ركه‌وت، كه 43یان ده‌كه‌وته ده‌شتی نه‌ینه‌وای زێدی زۆرینه‌ی كریستیان، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا كه‌مترینیان نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه، به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌نیسه‌كانی كلدانی (سریانی) له نه‌ینه‌وا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری كریستیانه‌كان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
روبينا اويملك عه‌زیز، ئه‌ندامی كریستیان لە په‌رله‌مانی كوردستان وتی "ئێمه بوینه قوربانی سیاسه‌تی به‌رێوه‌بردنی عیراق، به‌داخه‌وه له‌ناو ده‌ستوردا باس له مافه‌كانی پێكهاته‌كان كراوه به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی كرداری جێبه‌جێنه‌كراوه، خه‌ڵك بێزاره له قسه و هیوایان به عیراق نه‌ماوه، بۆیه كۆچ وه‌ك چاره‌سه‌ر ده‌بینن".
به‌پێی ئاماره‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ده‌یان هه‌زاران خانه‌واده‌ی كریستیانی هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه زێدی خۆیان و له ئاواره‌ییدا ده‌ژین، جگه له‌وه‌ی هه‌زاران خێزانی تر – ته‌نیا له نه‌ینه‌وا زیاتر له 24 هه‌زار خێزان- به‌ره‌و وڵاتانی تر كۆچیانكردووه.
له كۆی زیاتر له 700 هه‌زار ئاواره‌ی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان سه‌دا 7یان كریستیانن، له‌سه‌ر ده‌ستی داعش، زیاتر له 60 هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ش، له نێویاندا ئافره‌ت و منداڵ، بێسه‌روشوێنكراون.
گرنگیدان به زمان و كلتوری كریستیان له ئاست داخوازی ئێمه‌دا نییه
"گرنگیدان به زمان و كلتوری كریستیان له ئاست داخوازی ئێمه‌دا نییه، به‌ر له داعش 240 خوێندنگه‌ی تایبه‌ت به زمانی سریانی هه‌بووە، ئێستا بۆ 187 خوێندنگه كه‌مبۆته‌وه"، روبینا واده‌ڵێت.
كریستیانه‌كان كه له یه‌ككاتدا شه‌ڕی پاراستنی زمان و كلتور و گیانی خۆیان ده‌كه‌ن، له چه‌ندین ناوچه‌شدا روبه‌ڕوی مه‌ترسی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كانیان بونه‌ته‌وه، به تایبه‌ت له ده‌شتی نه‌ینه‌وا.
له چه‌ند ساڵی رابردودا، كریستیانه‌كان ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی دژی پرۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبون له ناحیه‌ی به‌رتڵه -15كم خۆرهه‌ڵاتی نه‌ینه‌وا-، كه بڕیاربوو به هاوڵاتیانی پێكهاته‌ی دیكه بفرۆشرێنه‌وه، قایلیش نه‌بون به بڕیارێكی حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ گواستنه‌وه‌ی تۆماری باری شارستانی ئه‌و خێزانه عه‌ره‌بانه‌ی له سه‌رده‌می حوكمڕانی به‌عس له ناوچه‌كانی تره‌وه ره‌وانه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا كرابون.
"زێدی ڕه‌سه‌نی كریستیانه‌كان له كۆنه‌وه ده‌شتی نه‌ینه‌وایه به‌تایبه‌ت تلكێف، ئه‌لقوش، تلسقۆف و قه‌ره‌قوش، تائێستاش له‌و ناوچانه‌دا ماونه‌ته‌وه، به‌ڵام به رودانی هه‌ر كێشه و توندوتیژییه‌ك كۆچده‌كه‌ن، چونكه حه‌زیان به شه‌ڕ و ناكۆكی نییه" نه‌وازد پولس، سه‌رۆكی رێكخراوی سورایه بۆ رۆشنبیری و راگه‌یاندن وای وت.
به‌بڕوای نه‌وزاد هۆكاری سه‌ره‌كی پوكانه‌وه‌ی كریستیانه‌كان، سیسته‌می به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ته، به تایبه‌ت په‌یڕه‌وی حوكمڕانی ئیسلامی له دوای ساڵی 2003ـه‌وه، "كریستیانه‌كان به‌هۆی ئه‌و حوكمڕانییه‌وه ناتوانن له پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراق بژین".
به‌پێی ده‌ستور، كه زۆرینه‌ی عیراقییەکان له 2005دا ده‌نگییان پێداوه، ئایینی زۆرینه‌ی دانیشتوان ئیسلامه و نابێت هیچ یاسایه‌ك ده‌ربكرێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئیسلامدا نه‌گونجێت، به‌ڵام پێویسته رێز له ئایین و ئایینزاكانی دیكه‌ش بگیرێت.
نه‌وزاد پولس وتی "زمان و كلتوری كریستیانه‌كان پارێزراو نییه، ده‌یان بۆنەی كلتوریی و ئایینی له‌ناوچون، ئه‌ویش له هه‌موو ناوچه‌یه‌ك نا، ئه‌وه‌تا له هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك دۆخه‌كه جیاوازتره، رێز له كلتور و بۆنه ئایینییه‌كان ده‌گیرێت".
له‌روی حوكمڕانییه‌وه، كریستیانه‌كان له ناوچه‌كانی خۆشیاندا كه‌مترین پۆستیان هه‌یه، له نه‌ینه‌وا دوو قه‌زا، یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه و دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتییان به‌ده‌سته‌وه‌یه.
له په‌رله‌مانی عیراق، كورسی كۆتایان هه‌یه بۆ به‌غدا، نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، هه‌ولێر و دهۆك، كه له هه‌ڵبژاردندا زیاتر له حه‌وت حزبی سیاسیی و ده‌یان كاندیدی سه‌ربه‌خۆ کێبڕکێی به‌ده‌ستهێنانی ده‌كه‌ن، له په‌رله‌مانی كوردستانیش پێنج كورسی كۆتایان هه‌یه، جگه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.
"هه‌موو حكومه‌ته‌كانی عیراق سته‌میان له كریستیان كردووه و مافه‌كانیان پێشێلكردون، له‌م دواییه‌شدا داعش هه‌وڵی له‌ناوبردنی دان، بۆیه وا بەسەر ناوچه‌كاندا دابه‌شبون و له یه‌ك شوێندا نه‌ماونه‌ته‌وه" وه‌حیدا یاقو هرمز، په‌رله‌مانتاری پێشوی كوردستان له كۆتای كریستیان وتیشی "كریستیانه‌كان قه‌ت ئیسراحه‌تیان نه‌كردووه، هه‌ر له ترس و دڵه‌ڕاوكێدا بون، مێژویه‌كی دوور و درێژه به‌هۆی حوكمڕانی زۆرینه و دژایه‌تییه‌وه هه‌روا ژیاون و ده‌ژین".
وه‌حیدا پێیوایه ته‌نیا چاره‌سه‌ری دۆسیه‌ی كریستیانه‌كان له عیراق، له پێناو مانه‌وه و به‌رده‌وامیدان به ژیان، حوكمڕانییه‌كی مه‌ده‌نی دیموكراتی دوور له ئایینە، تا وڵات ببێته نیشتمانی هه‌موان.
كریستیانه‌كان سه‌رقاڵی روبەڕوبونەوەیەکی نابەرابەرن؛ بێ به‌شداریی خۆیان مێژویه‌كه ململانێیە له‌سه‌ر زێدی مێژووییان. لە کۆتایی تونێلەکەدا ڕوناکییەکی وا نابینرێت؛ جگە لەوەی زۆرینه‌ی شوێنی نیشتەجێبونیان ده‌كه‌ونه سنوری ناوچه‌كانی جێناكۆك و پێویسته به‌پێی مادده‌ی 140ی ده‌ستور و له‌رێی سێ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه، سه‌رژمێری و راپرسی چاره‌نوسیان له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی به‌غدا و هەرێمی کوردستان یه‌كلابكرێنه‌وه.