تیمێكی نیشتمانی تایبەتمەند لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان، هەڵمەتی كۆكردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی نمونەی خوێن لە كەسوكاری قوربانیانی تەلەعفەر وەردەگرێت، بە ئامانجی ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنانی دەستی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش).
كارەكانی ئەو تیمە 28ـی حوزەیرانی 2022 لە باڵەخانەی قایمقامیەتی تەلەعفەر دەستیپێكردووە و تا 6ـی تەمموزی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
سەرچاوەیەكی بەرپرس بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەناو تیمەكەدا نوێنەری فەرمانگەی پزیشكی دادوەری، فەرمانگەی كاروباری گۆڕە بەكۆمەڵەكانی دەزگای شەهیدانی هەن، بە پاڵپشتی لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری بێسەروشوێنان (ICMP)".
له ناوهڕاستی 2014ـەوه تا كۆتاییهكانی 2017؛ دهوروبهری ههزار و 300 هاوڵاتی توركمان رفێنران، له نێویاندا 130 منداڵ له ههردوو رهگهز و 470 كچ و ژن، كاتێك داعش دهستیگرت بهسهر قهزای تهلهعفهردا، لە كۆی ئەو ژمارەیەش 48 ئازادكراون، لە نێویاندا 23 كەس لە رەگەزی مێ، كە زۆرینەیان روبەڕوی "دەستدرێژی سێكسی و لەباربردنی منداڵ" بونەتەوە، ئەوەش بەپێی ئامار و زانیاری چالاکوانانی ناوخۆیی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تەلەعفەر.
سەرچاوەكەی تەلەعفەر داوای لە كەسوكاری بێسەروشوێنان كرد سەردانی تیمەكە بكەن، زانیاریی پێویستیان پێبدەن لەگەڵ نمونەی خوێندا، تا چارەنوسی بێسەروشوێنەكانیان بۆ ئاشكرابكەن.
نمونەی خوێن بۆ پشکنینی (DNA) بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی ناسنامەی تەرمە نەناسراوەکان دەستنیشان بکرێت لەڕێی وەرگرتنی نمونەیەك لەتەرمەکە و بەراوردکردنی لەگەڵ نمونەی خوێنی کوسوکاری بێسەروشوێنەکاندا.
"كاركردنی ئەو تیمە نیشتمانییە لە چوارچێوەی ئامادەكاریی ئیدارەی ناوخۆیی تەلەعفەر و بە هەماهەنگی لایەنی نێودەوڵەتییە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی عەلو عەنتەر لە باكوری قەزاكە، كە یەكێكە لە 95 گۆڕە بە كۆمەڵەكەی پارێزگای نەینەوا و قوربانیانی ساڵانی 2014 تا 2017ـی دەستی داعشی تێدایە، ئەوەش بەپێی راپۆرتی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان و نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ عیراق (یونامی)" سەرچاوەكە وای وت.
خەڵكی قەزای تەلەعفەر، 16ـی حوزەیرانی 2022 لە گردبونەوەیەكیاندا بۆ یادی هەشت ساڵەی هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر قەزاكە، داوایانكرد چارەنوسی سەدان توركمانی بێسەروشوێن لە نێویاندا منداڵ و ژن ئاشكرابكرێت.
قاسم محەمەد شەریف، قایمقامی قەزای تەلەعفەر بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی هەوڵی تەواو دەدەن بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەو تیمەی راسپێدراون بۆ ئاشكرایكردنی ناسنامەی تەرمەكان و هەڵگرتنەوەیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا، كە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی پێشتر كاری لەو گۆڕەدا كردووە و پاكیكردۆتەوە".
دەزگای شەهیدان لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، بە هەماهەنگی فەرمانگەی پزیشكی دادوەری و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانیان هەریەك لە (UNITAD) و (ICMP)، پلانی هەڵدانەوەی گۆڕەكانیان داناوە، كە قۆناغی یەكەمی هەڵكۆڵین، كۆكردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی نمونەی خوێنی كەسوكاری قوربانییانە.
پێشتر و لە شوباتی 2020ـدا كۆمسیۆنی باڵای مافهكانی مرۆڤ لە عیراق، لێكۆڵینهوه و پشكنینیان بۆ گۆڕه به كۆمهڵهكانی قهزای تهلهغفهر ئەنجامدا و ئاشكرایانكرد كه تهنیا له یهك گۆڕدا، روفاتی ههزار هاوڵاتی توركمان و ئێزیدی تێدایه.
تەلەعفەر بەدوری 69كم دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای موسڵ لە پارێزگای نەینەوا، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 524 هەزار كەس دەبێت بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ ساڵی 2019، لە ناوەندی قەزاكەدا توركمان هەیە و لە ناوچەكانی دەوروبەری عەرەب و كورد نیشتەجێن.