ناڕه‌زایی گه‌رمه و سەرەڕای ئەوەش ده‌یان خێزانی ئاواره له سوریاوه ده‌گوازرێنه‌وه بۆ نه‌ینه‌وا. مشتومڕەکە له‌سه‌ر ئه‌وەیە هه‌موویان كه‌سوكار و لایه‌نگری رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)ن یاخود نا؛ به‌ڵام حكومه‌ت خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌و باسه نادات دەڵێت ئەو ئاوارانە پشتگوێبخرێن ده‌بنه بۆمبی ته‌وقیتكراو بۆ داهاتووی عیراق.
سه‌رباری ناڕه‌زایی به‌شێك له هاوڵاتیانی پێكهاته جیاوازه‌كانی نه‌ینه‌وا و لێپرسراوانی حكومی، 25ی ئایاری 2021، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق یه‌كه‌م كاروانی ئاواره‌ی له كه‌مپی هۆل-ی سوریاوه بۆ كه‌مپی جدعه‌ی باشوری موسڵ گه‌ڕانده‌وه.
ئه‌و كاروانه 94 خێزان بون كه له 383 كه‌س پێكهاتون، زۆرینه‌یان منداڵ و ژن و كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن، به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی كۆچ.
"گواستنه‌وه‌ی خێزان و كه‌سوكاری داعش بۆ جدعه، ئیهانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ هه‌موو خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا، له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوین حكومه‌ت ئه‌م كاره بكات" مه‌زاحم حوێت، وته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌بییه‌كان له ناوچه‌كانی جێناكۆكی نه‌ینه‌وا وای وت.
حوێت بۆ (كه‌ركوك ناو) جه‌ختیكرده‌وه "لێپرسراوانی ئیداره‌ی (خۆرئاوای كوردستان) باكوری سوریا وتیان ئه‌وانه‌ی گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه هه‌مویان خێزانی داعشن، هێشتا مه‌یلی زۆریان بۆ داعش هه‌یه و هه‌موشیان خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا نین، به‌ڵكو خه‌ڵكی چه‌ند پارێزگایه‌كی دیکەی عیراقیان تێدایه".
گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه زیاتر له ساڵێكه ئاماده‌كاری بۆ ده‌كرێت و زیاد له جارێك به‌هۆی ناڕهزایییهكانهوه دواخراوه.
ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت كه‌سوكاری داعشن ئه‌وا گردبونه‌وه و ناڕه‌زایی زۆر به‌رفراوان سازده‌كه‌ین
عه‌لی عه‌باس جهانگیر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌وانه‌ی گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه "كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعش نین" و ده‌ركه‌وتووه هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌منییان نییه، پرۆسه‌كه‌ش هه‌ڕه‌مه‌كی نه‌بووه و دوای دیراسه‌یه‌كی گشتگیر بڕیاری لێدراوه، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانی وڵات‌دا.
"ئه‌و توێژه پێویستیان به دوباره ئاساییكردنه‌وه‌ی ژیانیان هه‌یه، به تایبه‌ت منداڵه‌كان ئه‌گه‌ر پشتگوێبخرێن ره‌نگه ببنه بۆمبی ته‌وقیتكراو و زیان به خۆیان و داهاتوی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان بگه‌یه‌نن" به‌وته‌ی جهانگیر.
كه‌مپی جدعه‌ی یه‌ك به دوری كه‌متر له 100 مه‌تر ده‌كه‌وێته سنوری گوندی جدعه، 15 كیلۆمه‌تر له سه‌نته‌ری ناحیه‌ی گه‌یاره‌وه دووره، دوو گوندی دیكه‌ش نزیكن له كه‌مپه‌كه‌وه.
گه‌یاره (60كم باشوری موسڵ)، به گه‌وره‌ترین ناحیه‌ی نه‌ینه‌وا داده‌نرێت، تا ئایاری 2016 له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بووه و سه‌دان هاوڵاتی نیشته‌جێی ئه‌و ناوچه‌یه به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش كوژراون، كه زۆرینه كارمه‌ندی ئه‌منی بون، به‌ڵام ئاماری ره‌سمی و ورد له‌باره‌ی ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی ناحیه‌كه له‌به‌رده‌ستدا نییه.
"به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی ئه‌وه‌ین خێزان و كه‌سوكاری داعش بگوازرێنه‌وه بۆ جدعه، هه‌ڵوێستی ئێمه رون و نه‌گۆڕه" مه‌حمود تهعماوی، چالاكوانی مه‌ده‌نی و ئه‌ندامی جڤاتی رۆشنبیری گه‌یاره بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
به‌وته‌ی تهعماوی ئه‌و خێزانانه‌ی ره‌وانه‌ی جدعه كراون، ته‌نیا سه‌دا 20یان خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان، ئه‌وانیتر خه‌ڵكی به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ن، "خه‌ڵك بێده‌نگه هێشتا چونكه ده‌وترێت هه‌مویان كه‌سوكاری داعش نین، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت كه‌سوكاری داعشن ئه‌وا گردبونه‌وه و ناڕه‌زایی زۆر به‌رفراوان سازده‌كه‌ین".
ئه‌و چالاكوانه هۆشداری دا ئه‌گه‌ر كاروانی دیكه‌ی ئاواره له هۆله‌وه بگه‌ڕێندرێنه‌وه ئه‌وا "رێگری لێده‌كه‌ین و هه‌ڵوێستی توندمان ده‌بێت".
له ساڵانی رابردوودا و له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی نه‌ینه‌وا، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن به هاوكاری داعش ناڕه‌زایی زۆری لێكهوتهوه، له هه‌ندێك ناوچه‌ش به تایبه‌ت گه‌یاره به‌ره‌و بارگرژی سه‌ریكێشا.
ره‌فعه‌ت سمۆ، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ كاروباری كارگێڕی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "كه‌مپی جدعه له گه‌یاره‌یه، ناوچه‌كه زۆر هه‌ستیاره، داعش زۆرێك له خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی كوشتووه كه زۆرینه پۆلیس بون و ته‌رمه‌كانیانی فڕیداوه، بۆیه خه‌ڵك توڕه‌ن له داعش و ده‌ترسین بگاته كێشه و بارگرژی له‌نێوان خه‌ڵك و ئه‌و خێزانانه‌ی له هۆله‌وه هێنراونه‌ته‌وه".
كه‌مپی جدعه 500 خێوه‌تی تێدایه و به هاوكاری رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ (IOM) كراوه‌ته‌وه بۆ خێزانه عیراقییه‌كانی نیشته‌جێی كه‌مپی هۆل.
كەمپی هۆل، یەكێكە لە گەورەترین كەمپەكانی سوریا لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكەی سوریا و 72 هەزار كەسی لێی نیشتەجێیە، كە پێكهاتون لە كەسوكاری داعش، لە ژن و منداڵی بیانییەكان، سوریی و عیراقی.
ئه‌وانه‌ی گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه بۆ جدعه هه‌مویان په‌یوه‌ندییان به داعشه‌وه هه‌یه
(كه‌ركوك ناو) نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له هه‌وڵدا بوو بتوانێت قسه له‌گه‌ڵ خێزانێكی نیشته‌جێی كه‌مپی جدعه بكات به‌ڵام ره‌زامه‌ندی سه‌ردانی كه‌مپه‌كه و وه‌رگرتنی لێدوانی پێنه‌درا.
زیاتر له 30 هه‌زار هاوڵاتی عیراقی، له نێویاندا ژن و منداڵی چه‌كدارانی داعش له كه‌مپی هۆل-ی سوریان و حكومه‌ت له هه‌وڵدایه به چه‌ند قۆناغێك بیانگه‌ڕێنێته‌وه.
"حكومه‌تی عیراق بڕیاره له‌م رۆژانه‌دا 100 خێزانی دیكه بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ جدعه، تا كه‌مپه‌كه پڕ ده‌بێت له كه‌سوكاری داعش" به‌وته‌ی شێروان دوبه‌ردانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان له په‌رله‌مانی عیراق.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پشكی نه‌ینه‌وا بۆ (كه‌ركوك ناو) جه‌ختیكرده‌وه "ئه‌وانه‌ی گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه بۆ جدعه هه‌مویان په‌یوه‌ندییان به داعشه‌وه هه‌یه، برا و هاوسه‌ره‌كانیان داعشن، مه‌رج نییه كه‌سوكاریشیان له‌نێو داعش كوژرابن، به‌شێكیان له پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق و هه‌ندێكیان چونه‌ته توركیا".
هه‌ر خێزانێكی ئاواره له خێوه‌تێكدا داده‌نرێن، ژن و منداڵ له یه‌كتری دانابڕێن، له نێویاندا ژماره‌یه‌كی كه‌م پیاوی به ته‌مه‌نیش هه‌ن.
"ئه‌و خێزانانه ناكرێت تاهه‌تایه له كه‌مپی هۆل بمێننه‌وه، عیراق ناچاره وه‌ریانبگرێته‌وه، له‌وه‌شدا بێگومان نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و وڵاتانی دیكه فشاریان له حكومه‌تی عیراق كردووه دوبه‌ردانی واده‌ڵێت.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له سه‌ره‌تای 2019دا، پێشنیازیكرد بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خێزانه عیراقییه‌كانی كه‌مپی هۆل، حكومه‌ت له یه‌ك كه‌مپی دیاریكراودا ده‌ستبه‌سه‌ریان نه‌كات، به‌ڵكو تێكه‌ڵ به دانیشتوانی كه‌مپه‌كانی تر بكرێن، به ئامانجی ئه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه روبه‌ڕوی غه‌در نه‌بنه‌وه.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كۆچ ده‌ڵێت به هه‌ماهه‌نگی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پرۆگرامێك بۆ چاره‌سه‌ری ده‌رونی و ئاساییكردنه‌وه‌ی ژیانی ئاواره گهڕێنراوهكانی هۆل به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌وپێیه‌ی بینه‌ری زۆر تاوان و پێشێلكاری و ئه‌شكه‌نجه‌ی داعش بون، تا جارێكی‌تر بتوانن تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵگه ببنه‌وه.
ئێزیدییه‌كانی نه‌ینه‌واش زیاد له جارێك ناڕه‌زاییان دژی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كانی كه‌مپی هۆل نیشانداوه و به "مه‌ترسییان" ناوبردووه. مه‌ترسی ئێزیدییه‌كان دوابه‌دوای هێرشه‌كانی 2014ی داعش دێت بۆ ناوچه‌كانیان كه به‌هۆیه‌وه زیاتر له هه‌زار ئێزیدی كوژران و زیاتر له شه‌ش هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه رفێنران.
له‌كاتێكدا به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی پێشتری (كه‌ركوك ناو) سەدان ژن و كچی ئێزیدی لە كه‌مپی هۆل نیشته‌جێن، كه به هۆكاری ترس، خستنەوەی منداڵ و گۆڕینی ئایین، ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ عیراق، دوای رزگاركردنیان له ده‌ستی داعش.
جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا وتی "دەیانجار به‌ره‌سمی داوامان له لێپرسراوانی عیراق كردووه خێزان و كه‌سوكاری داعش نه‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ موسڵ، باسی مه‌ترسی و لێكه‌وته خراپهكانیشمان كرد، به‌ڵام هیچ حسابێكیان بۆ ئێمه نه‌كرد".
بەوته‌ی ره‌فعه‌ت سمۆ بڕیاره 400 خێزانی دیكه له هۆله‌وه بۆ جدعه بگوازرێنه‌وه و لێپرسراوانیش ده‌ڵێن "ئه‌م خێزانانه له‌گه‌ڵ داعش نه‌بون و دۆسیه‌كانیان خاوێن و بێ كێشه‌ن، هه‌رچه‌نده ئه‌و قسانه بۆ ئێمه جێگای باوه‌ڕنین".
ئه‌م كه‌سانه دادگایی ناكرێن، چونكه كه‌س نایانناسێت , زۆرینه‌یان بێ ره‌گه‌زنامه‌ن
كه‌مپی جدعه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی وه‌زاره‌تی كۆچدایه، هه‌ر ئه‌وانیش به‌هاوكاری رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێویستی رۆژانه‌یان بۆ دابینده‌كه‌ن.
شیروان دوبه‌ردانی وتی "ئه‌م كه‌سانه دادگایی ناكرێن، چونكه كه‌س نایانناسێت زۆرینه‌یان بێ ره‌گه‌زنامه‌ن، پێویستیشه هه‌ندێك كه‌س سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماربكات تا دادگا له‌و سكاڵانه بكۆڵێته‌وه".
به‌پێی راپۆرتێكی پێشتری هیومان رایتس وۆچ، له ماڵی زۆرینه‌ی عیراقییه‌كانی كه‌مپی هۆل ژنان سه‌رۆك خێزانن، منداڵی زۆریان هه‌یه، به‌شێكیان ئه‌وانه‌ن له ده‌ستی داعش له ناوچه جیاوازه‌كانی عیراقه‌وه هه‌ڵاتون.
"هه‌ر ئاواره‌یه‌ك ده‌هێنرێته جدعه ئێمه كێشه‌مان نییه، ترسی ئێمه له فكری داعشه، ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن خێزانه گهڕێنرانهوهكان داعش نین راست ناكه‌ن، هێشتا ژنه‌كانیان ئومێدیان به گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هه‌یه" ئه‌بو رهواس عومه‌ر، هاوڵاتی نیشته‌جێی گه‌یاره وای وت.
ئه‌بو رهواس بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی "سه‌دان هاوڵاتی گه‌یاره بە ده‌ستی داعش كوژراون، دوای نه‌مانی داعش وتمان له به‌ڵایه‌كی گه‌وره رزگارمان بوو، به‌ڵام خه‌ریكه دوباره توشی ئه‌و به‌ڵایه ده‌كرێینه‌وه، بۆیه لانیكه‌م ده‌بوو حكومه‌تی عیراق رێز له كه‌سوكاری قوربانیانی ئێمه بگرێت و كه‌سوكاری داعش نه‌هێنێته‌وه".
داعش له حوزه‌یرانی 2014دا ده‌ستی به‌سه‌ر زۆربه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وادا گرت و له كۆتاییه‌كانی 2017دا هیچ ناوچه‌یه‌كی له‌ژێر ده‌ستدا نه‌ما.
ساڵح حسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە بە (كەركوك ناو)ی وت "تەواوی خەڵكی گەیارە ناڕازین، بەڵام بڕیارەكە لە بەغدادهوه دەرچووە و ناتوانین جێبەجێی نه‌كه‌ین، ئه‌و خێزانانه‌ی هێنراونه‌ته‌وه هه‌مویان داعشن و زۆرینه‌ش خه‌ڵكی موسڵ و ئه‌نبارن".
سه‌دا 90ی ئه‌و خێزانانه‌ی ره‌وانه‌ی جدعه كراون ژن و منداڵن.
"حكومه‌ت به نیازه چه‌ند كاروانێكی دیكه‌ی خێزانه‌كانی داعش بهێنێته جدعه" به‌وته‌ی حسێن.
له ساڵی 2019یشدا حكومه‌ت ویستی كه‌مپی عومله له ناحیه‌ی زومماری باكوری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا بۆ كه‌سوكاری داعش بنیات‌بنێت، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایی خه‌ڵك و لێپرسراوانی ناوچه‌كه‌وه، پرۆژه‌كه به‌كاتی راگیرا.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له‌رێی پێكهێنانی چه‌ندین لیژنه‌وه، به هاوكاری لێپرسراوانی ئه‌منی و ئیداری و عه‌شایه‌ری، هه‌وڵی ئاشته‌وایی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌ده‌ن كه یه‌كێكیان چه‌كداری داعش بووه یان به لایه‌نگری ئه‌و رێكخراوه تۆمه‌تبارن به‌ڵام هێشتا ده‌نگی رەتکردنەوەی خێزانانه له نه‌ینه‌وا له ده‌نگی لەئامێزگرتنیان به‌رزتره.