میرى ئێزیدییان، لە دەستپێشخەرییەكدا كە ئامانج لێی یەكدەنگی ئەو پێكهاتە ئایینیە بوو، زۆرینەی سەرۆك عەشیرەتەكانی شێخان و شنگال و حزبە سیاسییەكانی كۆكردەوە و لە كۆبونەوەیەكدا پرسی چارەسەركردنی دۆخی شنگالیان لەڕوى ئەمنى و خزمەتگوزاریى، گەڕانەوەی ئاوارەكان و كۆچی گەنجانیان تاوتوێكرد.
ئەو كۆبونەوەیە 27ی ئاب لە پەرستگای لالش لە شێخان، بە دەستپێشخەری میرحازم تەحسین بەگ، میرى ئێزیدییان لە عیراق و جیهان بەڕێوەچوو، تیایدا لەپاڵ سەرۆك عەشیرەتەكان و حزبە سیاسییە ئێزیدییەكان، ژمارەیەك چالاكوان و كەسایەتی ئایینی ئێزدیش بەشداربون لە نێویاندا بابە شێخ، كە بەرزترین پلەی ئایینی ئێزیدیە و بە رابەری رۆحی ئێزیدییەكان دادەنرێت.
مەحمود ئەلیاس، چالاکوانێكی ئێزیدییە و بەشداربوی كۆبونەوەكە بووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم دەستپێشخەرییەى میرى ئێزیدییان هەرچەندە کەمێک دواکەوت، بەڵام شتێکى باش بوو، كۆكردنەوەی سەرۆك عەشیرەتەكانی شنگال و شێخان و حزبە سیاسییە ئێزیدییەكان لەمكاتەدا هەنگاوێكی گرنگە... ئێزیدییەکان پێویستیان بەیەکدەنگی و یەکهەڵوێستى هەیە، ئەگەر كۆبونەوەكان بەردەوامبن ئەنجامی باشی دەبێت".
"ئەم دەستپێشخەرییەى میرى ئێزیدییان هەرچەندە کەمێک دواکەوت، بەڵام شتێکى باش بوو
گرنگی ئەو كۆبونەوەیە لەوەدایە ئێزیدییەكان لە دوای مردنی میر تەحسین بەگ بەسەر دوو بەرەی شنگال و شێخاندا دابەشبون، هاوكات چەندین حزبی سیاسی جیاوازیان هەیە و لە ناكۆكیدان.
لە 4ی ئابی 2019 له مهزاری شبیل قاسم له شنگال، ژمارهیهك له پیاوانی ئایینی و كهسایهتی ئێزیدییهكان بڕیاریاندا به دانانی نایف داود سهلمان، وهك میری شنگال و پێكهێنانی ئیمارهتی قهزاكه لهژێر دهسهڵات و حوكمڕانی حكومهتی ناوهندی عیراق. ئهوهش وەك وەڵامێك بۆ دەستبەكاربونی حازم تهحسین بهگ له رێوڕهسمێكی ئایینیدا وهك میری ئێزیدیان له عیراق و جیهان لە 27ی تەمموزی هەمان ساڵ.
لەبارەی ئەوەی ئایا دەستپێشخەرییەكەی میر تەحسین بەگ ئەو ناكۆییانە چارەسەر دەكات، مەحمود ئەلیاس، وتی "ئەم كۆبونەوەیە زیاتر راوێژكاری بوو، ئەمە دەستپێك بوو، زیاتر بۆ یەكدەنگی ئێزیدییەكان بوو، لەسەر پرسی چارەسەرکردنى کێشەکانى شنگال (ئەمنی و ئیداریی و خزمەتگوزاریی)، گەڕانەوەى ئاوارەکان و کۆچکردنى گەنجان، هەموو ئەمانە ئەگەر یەکدەنگى و یەکهەڵوێستى دروستبێت دڵنیام كێشەكان چارەسەردەبن".
میر حازم تەحسین بەگ، لەوتارێكیدا بۆ ئامادەبووان وتی "ئاساییە ئێزیدییەکان سەر بەهەر حزب و لایەنێكی سیاسی بن، بەڵام لە كۆتاییدا دەبێت هەمومان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین بۆ چارەسەرکردنى پرسەکانى شنگال و دۆخی ئێزیدییەکان".
دۆخی قەزای شنگال، هێشتا لەڕوی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە جێگیر نییە، بەهۆیەوە زیاتر لە 250 هەزار ئێزیدی لە كەمپەكاندا ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە. ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ كۆچیی ئێزدییەكان بۆ دەرەوەی وڵات.
میر تەحسین بەگ، وتی "هەمومان پێویستمان بەیەکتر هەیە تا کۆدەنگییەک دروستبکەین و دەنگى ئێمە بگاتە هەموو جیهان، لێکتێنەگەیشتن و ناکۆکى لەهەموو شوێنێک هەیە، بەڵام ئێمە دەبێت ئەو لێکتێنەگەیشتن و ناکۆکییانە بگوڕین و یەکدەستبن".
هەمومان پێویستمان بەیەکتر هەیە تا کۆدەنگییەک دروستبکەین و دەنگى ئێمە بگاتە هەموو جیهان
لەو كۆبونەوەیەدا بۆ یەكەمجار پارتی ئازادیی و دیموكراتی ئێزیدییان (پادێ) بەشداری كۆبونەوەی میری ئێزیدییانی كرد، ئەم پارتە لە هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی 2021 بۆ پەرلەمانی عیراق لەگەڵ هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەشداریی كرد. لەكاتێكدا یەكێك بون لەو لایەنانەی پێشتر پشتیوانی میرێكی تریان دەكرد لە شنگال.
عومەر ساڵح، سەرۆکى پارتەكە كە لە شنگال چالاكن، وتی "هەرچەندە من بانگهێشتنەكرابوم، بەڵام لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتەكانی شنگال، پێكەوە هاتینە لالش... بابە شێخ و میرى ئێزیدییان ئاگاداربون كە منیش بەشداری ئەو كۆبونەوە جەماوەرییە دەكەم".
"من داوامكرد لەسەر چوار ئاست گفتوگۆ بكەین، یەکگرتن و یەکهەڵوێستى ئێزیدییەکان، پرسى چارەسەرکردنى کۆچى بە لێشاوى ئێزیدییەکان بۆ دەرەوە، دۆسییەكانی كوشتنی ئێزیدییەكان، چوارەمیش پرسی بازگەكان و ئاستەنگ دروستكردن بۆ هاتوچۆی نێوان دهۆك و شنگال"، عومەر ساڵح وایوت.
لە 17ی ئەیلولی 2021، عەلی شێخ ئەلیاس، بابەشێخی ئێزیدییان ماوەی دوو هەفتە قەزای شێخانی بەرەو شنگال بەجێهێشت بە ئامانجی ئاشتەوایی نێوان ئێزیدییەكان، بەڵام جگە لە چارەسەركردنی كۆمەڵێك كیشەی كۆمەڵایەتی نەیتوانی ئێزیدییەكان شنگال و شێخان ئاشتبكاتەوە.
ئەم دەستپێشخەرییە هاوكات هەوڵێكیش بوو بۆ پرسی سەردانی میر تەحسین بەگ بۆ شنگال، كە لەدوای دەستبەكاربونییەوە بەهۆی كێشەی نێو ماڵی ئێزیدییەكان و دانپێدانەنانی لە شنگال، نەیتوانی سەردانی ئەو قەزایە بكات.
عومەر ساڵح، سەرۆکى پادێ، وتی "دوای كۆبونەوە جەماوەرییەكە، لەگەڵ میری ئێزیدییان و بابە شێخ دانیشتم، میر تەحسین بەگ وتی دەمەوێت سەردانی شنگال بكەم، منیش وتم ئەوە هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام کە هاتیتە شنگال، تەنیا وەک میرى ئێزیدییان وەرە و نابێت لەکاتى سەردانەکانەدا جیاوازى بکەیت، چونکە تۆ میرى هەموو ئێزیدییەکانى".